نرخی فستق لە هەرێمی کوردستان گەیشتە بەرزترین ئاست لە ماوەی هەشت ساڵدا
نرخی فستق لە هەرێمی کوردستان گەیشتە بەرزترین ئاستی هەشت ساڵی ڕابردوو، بە جۆرێک نرخی هەر کیلۆیەک 2,000 دیناری چووەتە سەر و هاوردەکردنی لە شەش وڵاتەوە بۆ تەنیا دوو وڵات کەمبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
نرخی هەر کیلۆیەک فستق لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە 18,000 دینارەوە بۆ زیاتر لە 20,000 دینار بەرزبووەتەوە. هەروەها نرخی یەک کیلۆ فستق بە کۆ (جوملە) لە 16,000 دینارەوە گەیشتووەتە 17,000 دینار. بازرگانان هۆکاری ئەم گرانبوونە بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جەنگی ئێران دەگەڕێننەوە.
کەمبوونەوەی وڵاتانی هاوردەکار و بڕی فستق
پێشتر هەرێمی کوردستان لە شەش وڵاتی وەک (ئەمریکا، ئێران، سووریا، تورکیا، ئۆزبەکستان و قیرغستان) فستقی هاوردە دەکرد، بەڵام ئەمساڵ تەنیا لە ئێران و ئەمریکاوە هاوردە دەکرێت. میران کەریم، بازرگانی هاوردەکاری چەرەس ڕایگەیاند، هاوردەی فستق لە ئێرانەوە لە 200 تۆنی ڕۆژانەوە بۆ 50 تۆن کەمییکردووە، هەروەها لە ئەمریکاشەوە هەفتانە تەنیا 40 تۆن هاوردە دەکرێت.
پێگەی ئێران لە بەرهەمهێنانی فستقدا
کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای ئەمریکا بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری فستق لە جیهاندا دادەنرێت. ئەم وڵاتە نزیکەی 1/5ـی بەرهەمی جیهانی و 1/3ـی هەناردەکردنی فستق پێکدەهێنێت. سزاکان، پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەکان و هێڵەکانی کەشتیوانی بەهۆی جەنگەوە، بوونەتە هۆی ئەوەی نرخی ئەم بەرهەمە لە بازاڕەکاندا بەرزببێتەوە.
ئامارە جیهانییەکانی نرخی فستق
بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، نرخی فستق لە جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە دوای ساڵی 2018ـەوە. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە نرخەکان لە وڵاتانی ئەمریکا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا بە ڕێژەی 30% بەراورد بە ساڵی 2023 بەرزبوونەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە گرانبوونی فستق دیاردەیەکی جیهانییە و تەنیا هەرێمی کوردستانی نەگرتووەتەوە.
26/05/2026