لە نەخۆشخانەی شار چارەسەرێکی پێشکەوتوو بۆ سییەکانی چارەخوازێک کرا
.بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی بەبێ نەشتەرگەریی کراوە، چارەسەرێکی گرنگی سییەکان ئەنجامدرا
چارەخوازێک بۆ ماوەیەکی درێژ بەدەست ئازاری سنگەوە دەیناڵاند، پاش سەردانکردنی نەخۆشخانە، دەرکەوت چارەخوازەکە هەوکردنی لە دیواری سنگ و ناو سییەکان هەبوو، بە جۆرێک دومەڵێک لە پەردەی سییەکانی هەبوو، هەروەها بەستەرەشانەی زیادەش لە دیواری سنگیدا بەدیکرابوو.
چارەسەری ئەم گرفتانە بەبێ دەستێوەردانی ناو سنگ مەحاڵە، هەربۆیە پێشتر تەنیا لە ڕێگەی نەشتەرگەریی کراوەوە دەکرا، واتە شوێنی نەشتەرگەرییەکە دەکرایەوە و چارەخواز پێویستی بە بێهۆشکاریی گشتی دەبوو، هاوکات ماوەیەکی زۆر زیاتریشی پێویست بوو بۆئەوەی جێی نەشتەرگەرییەکە ساڕێژ ببێت و چارەخوازەکە بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.
بۆ یەکەمین جارە لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی ئەم چارەسەرە بە ڕێگەی ناوسنگبینی(سۆراکۆسکۆپی) چارەسەرکرا، واتە تەنیا لە ڕێگەی یەک کونەوە ناوبینییەکە کرا و چارەخوازەکە بەنجی لۆکاڵی بۆ کرا، واتە دووربوو لە مەترسییەکانی بێهۆشکاریی گشتی. تیمێکی تایبەت بە پسپۆڕی سنگ و سییەکان بە سەرپەرشتی د. بنار جەمال ئەمین، دومەڵێکیان لە پەردەی سییەکانی چارەخوازەکە دەرهێنا و هەموو بەستەرەشانە زیادەکانی دیواری سنگیشیان لابرد.
لە ماوەی 24 کاتژمێر پاش نەشتەرگەرییەکەشدا، چارەخوازەکە گەڕایەوە ماڵەوە، لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی جێگیرە. ئەمەش یەکێکە لە پێشکەوتنە گەورەکانی نەخۆشخانەی شار، چونکە بۆ یەکمجارە ئەم گرفتە لە جیاتی نەشتەرگەری، بە ناوسنگبینی چارەسەر بکرێت.







26/05/2026