بەریتانیا ڕەتی دەکاتەوە پەیکەرەکانی پارسینۆن ڕادەست بکاتەوە

لە پێشهاتێکی نوێدا، حکومەتی بەریتانیا، ڕەتی دەکاتەوە دیواربەند و پەیکەرە مەڕمەڕییەکانی پارسینۆنی یۆنانی، ڕادەستی یۆنانییەکان بکاتەوە.

یونسکۆ داواکاری پێشکەش کردووە

ئاژانسی یونسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، داواکاریی پێشکەشی هەردوو لایەنی بەریتانی و یۆنانی کردووە، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانیان لە پرسی کەلەپوور و مێژووی هاوبەش و تیایدا جەخت لەوە کراوە، پرسی ڕادەستکردنەوەی دیواربەند و پەیکەرە مەڕمەڕییەکانی پارسینۆن چارەسەر بکەن.

بەریتانییەکان بەردەکان ڕادەست ناکەنەوە

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەریتانییەکان ڕەتی دەکەنەوە دیواربەند و پەیکەرەکانی پارسینۆن ڕادەستی یۆنان بکەنەوە، کە ئێستا لە مۆزەخانەی بەریتانی جێگیر کراون و بە یەکێک لە گەورەترین و دیارترین پارچە هونەریی و مێژووییەکانی مۆزەخانەکە دەستنیشان کراون و ڕەسەنایەتییان دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان.

لە عوسمانییەکانیان وەرگرتووە

ساڵانی 1801 بۆ 1815، لەسەر دەستی لۆرد ئێلگین بەردە مەڕمەڕییەکانی پارسینۆن، کە ژمارەیەک پەیکەری ناوازەی یۆنانین، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک لەگەڵ عوسمانییەکان، لە ئەسیناوە گوازراونەتەوە بۆ مۆزەخانەی بەریتانیا و دەیان ساڵە نیگەرانییەکی گەورەی لەنێوان بەریتانیا و یۆنان دروستکردووە.