قوباد تاڵەبانی و باڵیۆزی ئیتاڵیا باسیان لە پەرەپێدانی بازرگانی و گەشتوگوزار کرد
ژوان نیزام 26/05/2026
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبوونەوە، جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەو وڵاتە کردەوە.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیی لە نیکۆڵۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و تۆماسۆ سانسۆنی، کۆنسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەرێمى کوردستان کردووە و باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیتاڵیا کردووە.
کاری پێکەوەیی زیاتر
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى کۆبوونەوەکە، هەردوولا هاوڕابوون کە، پێویستە کاری پێکەوەیی زیاتر بکەن و هەوڵبدەن پەیوەندییەکانی نیوانیان بەتایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پەرەپێبدەن.
ژوان نیزام
26/05/2026