هاتوچۆی هەولێر: گواستنەوەی غازی شل بە ڕۆژ قەدەغەیە

تەنکەرێکی گواستنەوەی غازی شل (ئێڵ پی جی)
تەنکەرێکی گواستنەوەی غازی شل (ئێڵ پی جی)

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگاى هەولێر بڕیاری قەدەغەکردنی گواستنەوەی گازی شل LPG لە کاتەکانى ڕۆژدا ڕاگەیاند و بڕیارەکەش لە مانگی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

پاڵپشت بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، بڕیارەکەیان پاڵپشت بە بڕیارێکى وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکردووە و لە سەرەتاى مانگى داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت.

لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتی دا

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی کردووەتەوە، لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گشتی، کەمکردنەوەی مەترسییەکان، ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا ئەم بڕیارەیان دەرکردووە، هۆشداریشی دا هەر شۆفێر و لایەنێک پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.