دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوت لە بەسڕە ئاشکرا دەکات
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هەوڵێکی بەقاچاخبردنی نەوتی لە بەسڕە ئاشکراکرد و ڕایگەیاند، بۆرییەکی لاوەکی بە درێژایی 500 مەتر، بەستراوە بە بۆریی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی خامی نێوان بەسڕە – زیقار، ویستراوە لەو ڕێگەیەوە نەوتی خام بدزرێت و بە قاچاخ ببرێت.
لە ڕێگای خێرای بەسڕە - زیقاڕ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، لەپاش وەرگرتنی زانیاری ورد و هەواڵگری توانراوە هەوڵێکی بەقاچاغبردنی نەوتی خام لەسەر ڕێگای خێرای، بەسڕە-زیقار پوچەڵبکرێتەوە.
بۆری بە بۆریی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتەوە بەسترابوو
دەزگاکە ڕوونی کردووەتەوە، شێوازی بە قاچاغبردنی نەوتەکە بەشێوەیەک بووە، کە بۆرییەک بە بۆری سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی بەسڕە بەستراوە و لەژێر زەوییەوە بەنهێنی شاردراوەتەوە و دەشڵێت، درێژی ئەو بۆرییەی ویستراوە لەڕێگەیەوە بە قاچاخ نەوت بەرێت، گەیشتووەتە زیاتر لە 500 مەتر.
دەست بەسەر دوو تەنکەردا گیراوە
ئاماژە بەوەشکراوە، لەشوێنی ڕووداوەکە دەستگیراوە بەسەر دوو تانکەری گواستنەوەی نەوت، کە یەکێکیان پڕ بووە و شۆفێرەکەی ویستوویەتی ڕابکات، تەنکەرەکەی دیکەش بەتاڵ بووە و هەوڵدراوە پڕ بکرێت و بە قاچاخی ببرێت.
نەوتەکە ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراوە
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەڵێت، سەرجەم ئەو بڕە نەوتەی دەستیبەسەرداگیراوە دراوەتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست.
26/05/2026