گرێبەستێک لە ڕیاڵ مەدریدەوە بۆ مۆدریچ
یانەى ریاڵ مەدرید دەیەوێت جارێکى دیکە لۆکا مۆدریچ بگەڕێنیتەوە، بەڵام بۆ یاریکردن نا، بەڵکو بۆ وەرگرتنى پۆستێکى کارگێڕى.
ڕۆژنامەى توتۆ سپۆرتى ئیتاڵیی ئاشکراى کردووە، مۆدریچ، کۆتا رۆژەکانى لە یاریکردن بەڕێ دەکات، بە تایبەتى دواى ئەوەى کە یانەى میلان نەگەیشتە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەورووپاى وەرزى داهاتوو، یارییەکانى مۆندیالیش دەبێتە دوا وێستگەى ژیانى وەرزشى ئەو یاریزانە کرواتییە و دواى ئەو پاڵەوانێتیە، بە یەکجاریی واز لە تۆپى پێ دەهێنێت.
بە پێی زانیارییەکانى توتۆ سپۆرت، ئیدارەى یانەى ڕیاڵ مەدرید، بیرۆکەى ئەوەیان هەیە، لە دواى یارییەکانى مۆندیال، گرێبەستێکى فەرمى پێشکەشى مۆدریچ بکەن، بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ یانەکە و پۆستێکى کارگێڕى پێ بدەن.
توتۆ سپۆرت ئەوەشى بڵاوکردووەتەوە، ڕیاڵ مەدرید چاوەڕێی ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیی یانەکە دەکات، لە کاتى سەرکەوتنى پێرێز، ڕاستەوخۆ مۆدریچ دەگەڕێننەوە بۆ یانەکە.
لۆکا مۆدریچى تەمەن 40 ساڵ، وەرزى ڕابردوو لە یانەى ڕیاڵ مەدریدەوە ڕوویکردە یانە میلان، لەگەڵ یانە ئیتاڵیەکە، لەم وەرزەدا بەشدارى لە 37 یاریدا کرد و خاوەنى دوو گۆڵ و سێ ئەسیست بوو، بەڵام هیچ نازناوێکى لەگەڵدا بەدەستنەهێنا.
مێژووە گەورەکەى مۆدریچ لەگەڵ یانەى ڕیاڵ مەدریدە، کە توانى لەگەڵ ئەو یانەیە شەش نازناوى چامپیۆنزلیگ بەدەست بهێنێت.
26/05/2026