بڕیاریی کۆتایی لای بەرپرسانی ڕیاڵ مەدرید دەبێت

بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید ئیسپانی، بڕیاریی کۆتایی لەسەر چارەنووسی نیکۆ پازی یاریزانی یانەکەیان دەدەن، کە ئێستا لە یانەی کۆمۆی ئیتاڵی یاریی دەکات، ئایندەی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوو یەکلایی دەکەنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مارکا ئیسپانی، چالاککردنی بڕگەی کڕینەوەی گرێبەستی نیکۆ پاز ئەمڕۆ دەستی پێکرد, ریال مەدرید تەنیا دوو هەفتەی لەبەردەمدایە بۆ کاراکردنی ئەو بڕگەیە.

هاوکات ڕۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، نیکۆ پاز دەیەوێت لە یانەی کۆمۆ بمێنێتەوە و وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی یانەکە بکات لە چامپیۆنزلیگ، بەڵام بڕیاریی کۆتایی لای بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید دەبێت، ئەوا بڕیار دەدەن ئەو یاریزانە لە یانە ئیتاڵییەکە بمێنێتەوە، یاخود جارێکی دیکە بگەڕێتەوە مەدرید و پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە بکاتەوە.

ڕیاڵ مەدرید نایەوێت بڕیاریی بەپەلە لەسەر ئایندەی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە بدات، دەیانەوێت دوای گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ وەکو ڕاهێنەری یانەکە، چارەنووسی ئەو یاریزانەش یەکلایی بکەنەوە، هەموو ئەگەرەکانیش بۆ ئەوە دەچێت وەرزی داهاتوو نیکۆ پاز پەیوەندی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بکات، لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە درێژە بە یاریی کردن بدات.