پاش حەوت ساڵ وشکەساڵی؛ مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی مەغریب ژیایەوە و نەریتی قوربانی گەڕایەوە
دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر وشکەساڵییەکی سەختدا، مەیدانی ئاژەڵفرۆشانی مەغریب بووژانەوەی بەخۆوە بینیوە و جارێکی دیکە نەریتە ئایینییەکانی جەژنی قوربان لەو وڵاتەدا ڕەنگیان گرتووەتەوە.
بووژانەوەی مەیدانی ئاژەڵفرۆشان دوای وشکەساڵی
بازاڕی عەین عەودا لە ڕیباتی پایتەختی مەغریب، دوای 7 ساڵ بێبارانی و وشکەساڵی، جارێکی دیکە ئاسایی بووەتەوە. ئیبراهیم نویینی، کە ئاژەڵدارێکی ئەو شارەیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ ئاژەڵ بە بڕی پێویست لە بازاڕدا هەیە. هەرچەندە کڕیاران نیگەرانن لە بەرزیی نرخەکان، بەڵام مامەڵە و سەودای جەژن لە نێوان جامباز و هاوڵاتییاندا گەرم بووەتەوە و هەر کەسێک بەپێی توانای دارایی خۆی ئاژەڵ بۆ قوربانیکردن دەکڕێت.
ئامارەکانی کەرتی ئاژەڵداری و هاوردەکردن
مستەفا لایسات، توێژەری ژینگەیی لە ڕیبات ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو تەنیا 23 ملیۆن سەر ئاژەڵ لە مەغریب هەبوو، بەڵام ئێستا ئەم ژمارەیە بەرزبووەتەوە بۆ 41 ملیۆن سەر مەڕ، بزن و گا. ئاماژەی بەوەش کرد کە مەغریب پێشتر ئاژەڵی هاوردە نەدەکرد، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە ئێستا پەنایان بۆ هاوردەکردن بردووە. لایسات گەشبینیی خۆی نیشاندا کە ساڵی داهاتوو کەرتی ئاژەڵداریی وڵاتەکە بە تەواوەتی لە قەیرانی وشکەساڵی ڕزگاری دەبێت.
نرخی ئاژەڵەکان بۆ جەژنی قوربان
بەپێی گوتەی فرۆشیاران، نرخی ئاژەڵەکان بەپێی جۆر و قەبارەکەیان جیاوازە. نرخی ئاژەڵی مامناوەند لە نێوان 400 بۆ 800 دۆلاردایە، لە کاتێکدا ئاژەڵە بچووکەکان نرخەکانیان لە نێوان 300 بۆ 500 دۆلاردایە. ئەم بەرزبوونەوەی نرخە کاریگەریی هەبووە لەسەر کڕیاران، بەڵام بەهۆی ئەوەی 99%ـی خەڵکی مەغریب موسڵمانن و گرنگییەکی زۆر بە نەریتی قوربانیکردن دەدەن، هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت پڕۆسەکە جێبەجێ بکەن.
کاریگەریی وشکەساڵی لەسەر ژیانی گوندنشینان
وشکەساڵی لە کۆتایی ساڵی 2018ـەوە مەغریبی گرتبووەوە، کە وایکرد کۆگاکانی ئاو بۆ نزمترین ئاست دابەزن و ڕووبەری چێنراوی گەنم کەمببێتەوە. ئەم دۆخە وایکرد مەغریب لە بەرهەمهێنەرەوە ببێتە هاوردەکاری دانەوێڵە، هەزاران هەلی کار لەدەستبچن و گوندنشینەکان بەهۆی زیان گەیشتن بە کەرتی ئاژەڵدارییەوە ڕوو بکەنە شارەکان. عەبدولفەتاح لهێرد، کڕیارێک لە بازاڕەکە، دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو ئەم بازاڕە داخرابوو و هەستمان بە کەشوهەوای جەژن نەدەکرد، بەڵام ئەمساڵ گەشبینین کە هەمووان دەتوانن قوربانی بکەن."
27/05/2026