جەنگی سوودان نرخی وشترەکانی لە میسڕ گران کردووە و هەر ئاژەڵێک 300 دۆلاری چووەتە سەر
بازاڕی بیرقاش لە میسڕ وەک یەکێک لە گەورەترین ناوەندەکانی ئاڵوگۆڕی وشتر لە ناوچەکە، ئەمساڵ بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی سوودانەوە ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخ و کەمیی هاوردەکردنی ئاژەڵ بووەتەوە.
پەرەسەندنی نرخەکان لە بازاڕی بیرقاش
بازاڕی دێرینی بیرقاش لە پارێزگای گیزە لە میسڕ، لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان جموجۆڵێکی زۆری تێدایە. محەممەد عەبدولوەهاب، کاسبکاری وشتر ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ نرخی هەر وشترێک بڕی 300 دۆلاری چووەتەسەر بەراورد بە ساڵی ڕابردوو. هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانبوونەش بۆ شەڕی ناوخۆیی سوودان دەگەڕێتەوە، کە وایکردووە هاوردەکردنی وشتر بۆ ناو خاکی میسڕ بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمببێتەوە.
بەراوردی نرخەکان و کڕینی ئاژەڵی قوربانی
بازرگانانی وشتر باس لەوە دەکەن کە ساڵی ڕابردوو نرخی هەر وشترێک نزیکەی 1,700 دۆلار بووە، بەڵام ئێستا نرخەکان گەیشتوونەتە نێوان 1,780 بۆ 1,800 دۆلار. عەبد ڕەبو واجیح، یەکێک لە بازرگانانی بازاڕەکە دەڵێت، سەرەڕای گرانبوونی نرخەکان، هێشتا بازاڕی بیرقاش بەراورد بە شوێنەکانی دیکە و بازاڕەکانی نێو شار بۆ کڕیاران باشترە، چونکە زۆرێک لە هاوڵاتییان بە هیوای دەستکەوتنی وشتر بە نرخێکی گونجاو لە ناوچە دوورەکانەوە ڕوو لەم بازاڕە دەکەن تاوەکو بیکەنە قوربانی.
کاریگەریی قەیرانی سوودان لەسەر بازاڕی میسڕ
خالد نووبی، ژمێریار لە بازاڕی وشترەکان ڕوونی دەکاتەوە کە 95%ـی ئەو وشترانەی لەم بازاڕەدا دەفرۆشرێن، لە وڵاتی سوودانەوە هاوردە دەکرێن. ئەو شەڕە ناوخۆییەی لە ساڵی 2023ـەوە لە سوودان سەریهەڵداوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی هێڵەکانی گواستنەوە و کەمبوونەوەی ژمارەی وشترەکان لە میسڕ. پێشتر سوودان لەگەڵ سۆماڵ و ئەسیوپیا سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی وشتر بوون بۆ میسڕ، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگەوە نرخەکان بەرزترین ئاستیان تۆمارکردووە.
نەریتی قوربانی و دابەشکردنی گۆشت
نەریتی قوربانیکردن لە وڵاتە عەرەبییەکاندا بە سەربڕینی وشتر جیا دەکرێتەوە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی قوربانیکردن بە مەڕ، بزن و مانگا باوترە. موسڵمانان بە سەربڕینی ئەم ئاژەڵانە لە ڕۆژانی جەژندا، هەوڵ دەدەن بەشێک لە گۆشتەکەی بەسەر خەڵکی هەژار و پێویستدا دابەش بکەن، بەمەش هاوکاری و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی لەم بۆنە ئایینییەدا زیندوو ڕادەگرن.
27/05/2026