بازاڕی سەوزە و میوە لە ڕۆژانی جەژن کراوە دەبن؛ پێگەیشتنی بەرووبوومی خۆماڵی نرخەکانی دابەزاند

دیمەنێک لە عەلوەی سلێمانی
دیمەنێک لە عەلوەی سلێمانی

سەرپەرشتیارانی بازاڕی سەوزە و میوەی سلێمانی و هەولێر، دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانیان، کە بەرهەمێکی زۆر لە بازاڕەکاندایە و لە سلێمانی لە دوووەم ڕۆژ و لە هەولێر لە سێیەم ڕۆژەوە بازاڕەکان دەکرێنەوە.

ڕۆژانی جەژن عەلوەکان داناخرێن

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای بازاڕی سەوزە و میوە( عەلوەی سلێمانی) بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "بەرهەمی خۆماڵیی پێگەیشتووە و ڕۆژانە بڕێکی باش لە بەرهەمەکان دێنە عەلوەکان، بەم هۆکارەش ڕۆژانی جەژن بەتەواوەتی عەلوەکان داناخرێن".

ڕۆژی هەینیش عەلوە کراوە دەبێت

هەروەها ئاماژەى بەوەشکرد، بەنیازن لە دووەم ڕۆژی جەژنەوە عەلوەکان بەتەواوى بکرێنەوە و وەک ڕۆژانى ئاسایی کارەکانیان بکەن، و بەهۆى جەژنیشەوە ڕۆژى هەینى کە سێیەم ڕۆژى جەژن دەکات بازاڕى سەوزە و میوە بەکراوەیی دەمێنێتەوە، کە پێشتر دادەخرا.

جیاوازیی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا

ئەوەلەکاتێکدایە ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژەکانی کۆتایی جەژنەوە بازاڕەکان دەکرانەوە، بەڵام زۆری بەرهەمی ناوخۆ لەمساڵدا  وایکردووە عەلوەکان زۆرترین کات کراوەبن لەپێناو ساغکردنەوەی  بەرهەمە خۆماڵییەکان.

"هیچ بەروبومێکمان کەم نییە"

هاوکات دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند، "عەلوەی هەولێر لە دوانیوەڕۆی سێیەم رۆژی جەژنی قوربانەوە کراوە دەبێت و لە هیچ بەروبومێکمان کەم نییە لە ناو عەلوەکە و سەرجەم جۆرەکانی سەوزە و میوە بەردەستن".

ڕۆژانە 500 بۆ 600 تۆن بەرووبووم

سەرپەرشتیاری بازاڕی سەوزە و میوەی هەولێر گوتیشی: "ڕۆژانە 500 تاوەکو 600 تۆن بەرووبوم دەچێتە بازاڕەکەوە و خواستی هاونیشتمانیان پڕدەکاتەوە".

پێگەیشتنی بەرووبوومی خۆماڵی نرخەکانی دابەزاند

بەگشتی قەیرانی داخستنی گەرووی هوورمز کاریگەریی لەسەر بازاڕەکان دانابوو و نرخەکان گرانبوون تا ئەوکاتەی بەرووبوومی خۆماڵی پێگەیشت و نرخەکان دابەزین.