ڕووسیا بەنیازە هەناردەی گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە قەدەغە بکات
ڕووسیا بەنیازە هەناردەکردنی گازوایل و سووتەمەنی فڕۆکە قەدەغە بکات، هۆکارەکەش هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیایە بۆسەر پاڵاوگەکان کە وایکردووە بەرهەمی کەمببێتەوە.
بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە بۆسەر پاڵاوگەکانی بەرهەمهێنان
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس، مۆسکۆ بەنیازە هەناردەکردنی گازوایل و جێت( تایبەتە بە سووتەمەنی فڕۆکە) قەدەغە بکات، چونکە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆسەر پاڵاوگەکانی ئاستی بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بەشی پێداویستی ناوخۆی وڵاتەکە ناکات.
تێکڕای بەرهەمی پاڵاوگەکانی ڕووسیا بۆ سووتەمەنی فڕۆکە
ئەوە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای شیکاریی ئۆیڵ ئێکس، تێکڕای بەرهەمی پاڵاوگەکانی ڕووسیا لە مانگی نیساندا ڕۆژانە چوار ملیۆن و 690 هەزار بەرمیل بووە، کە بە نزمترین ئاست دادەنرێت لەماوەی 16 ساڵدا.
کەمکردنەوەی فرۆشی دەرەوە بە کۆمپانیاکان
بەگوێرەی ئاژانسە ڕووسییەکە، ئەلیکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانى ڕووسیا ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان کردووە و داوای لێکردوون، ئاستی فرۆشتنەکانیان بە کۆمپانیا دەرەکییەکان کەمبکەنەوە.
چڕبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی لە جیهاندا
ئەگەر ڕووسیا بەتەواوەتی بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردن ڕابگەیێنێت، ئەوا قەیرانی سووتەمەنی لە جیهاندا زیاتر چڕ دەکاتەوە، چونکە وڵاتەکە هەناردەکاری سەرەکی گازوایلە و نزیکەی 40%ـی بەرهەمەکەی بە بازاڕەکانی دەرەوە دەفرۆشێت.
ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆسەر سامانی وزەی ڕووسیا لەوانە؛ پاڵاوگەکان و بۆرییە نەوتییەکان چڕ کردووەتەوە.
27/05/2026