ڤینیسیۆس دەگەڕێتەوە بۆ یانەى فلامینگۆ
ڤینیسیۆس جۆنیۆرى بەڕازیلى، ئێستاش دڵى لاى یانەى فلامینگۆیە و دان بەوەدا دەنێت دواى تەمەنى 30 ساڵى دەگەڕێتەوە بۆ بەڕازیل و خزمەتى ئەو یانەیە دەکات کە لێوەى دروست بووە.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەى گڵۆبۆى بەڕازیلى، ڤینیسیۆس ئاشکراى کردووە، لە بەڕازیلەوە دەستى بە یاریی تۆپى پێ کردووە و هەر لەوێش کۆتایی بە ژیانى وەرزشى دەهێنیت، ئەوەش وەک وەفایەک بۆ ئەو وڵاتە و بە تایبەتى یانەى فلامینگۆ کە سەرەتاى دەرکەوتنى لەو یانەیە بووە.
ڤینى گووتیشى: "لە سێ بۆ چوار ساڵى داهاتوودا ئەوە ڕوو نادات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پێش ئەوەى تەمەنم ببێت بە 33 ساڵ، ئەورووپا بەجێ دەهێڵم و دەگەڕێمەوە بۆ یانەى فلامینگۆ، چونکە دەمەوێت نازناوى جامى لیبەرتادۆریس بۆ ئەو یانەیە بەدەست بهێنیم."
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە ساڵى 2017 لە یانەى فلامینگۆوە ڕوویکردە یانەى ڕیاڵ مەدرید، لە سەرەتادا لە تیپى دووەمى یانەى شاهانە یاریی دەکرد، بەڵام بەخێرایی توانى جێگەى خۆى لە تیپى یەکەمدا بکاتەوە و یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکیەکانیش بۆ بردنەوەى نازناوى چامپیۆنزلیگ لە ساڵى 2024.
27/05/2026