ئەتلەتیکۆ مەدرید پشتى سیمیۆنى بەرنادات

ئیدارەى یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید، بەردەوامە لە پشتگیرییەکانى بۆ دیگۆ سیمیۆنیی ڕاهێنەر و لەگواستنەوەى ئەم هاوینەشدا پارەیەکى زۆر دەخاتە بەردەستى، بۆ ئەوەى کەموکورتیی تیپەکەى پێ پڕ بکاتەوە.

ڕۆژنامەى ئەى ئێسى ئیسپانى ئاشکراى کردووە، ئینریکى سیریزۆى سەرۆکى یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید، متمانەى تەواوى بۆ سیمیۆنیی ڕاهێنەر هەیە و بە هەموو شێوەیەک پشتگیرى دەکات.

بە پێی زانیارییەکانى ئەى ئێس، ئیدارەى یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید بە سیمیۆنیی ڕاگەیاندووە، لە گواستنەوەى ئەم هاوینەدا، بڕى 80 ملیۆن یۆرۆ دەخەنە بەردەستى، بۆ ئەوەى زیاد لە یاریزانێکى پێ بگوازیتەوە و تیپەکە بە شێوەیەکى باشتر بۆ وەرزى داهاتوو ئامادە بکات.

ئەى ئێس ئەوەى ئاشکرا کردووە، تاوەکو ئێستا، سیمیۆنى بیرۆکى نیە هیچ یاریزانێک بگوازیتەوە، چاوەڕێی تەواوبونى یارییەکانى مۆندیال دەکات و دواتر دەچێتە بازاڕى گواستنەوەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە وەرزى 2025-2026، یانەى ئەتلەتیکۆ مەدرید بە بڕى 230 ملیۆن و 950 هەزار یۆرۆ، 13 یاریزانى نوێی گواستەوە، لە هەمان وەرزدا لە فرۆشتنى 9 یاریزان، بڕى 145 ملیۆن و 50 هەزار یۆرۆى دەستکەوت.