چەند گرووپێک پێشوازى لە بڕیارەکەى موقتەدا سەدر دەکەن

قەیس خەزعەلی، ئەمینداریی بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق و شبل زەیدى، ئەمینداری کەتیبەکانى ئیمام عەلی
قەیس خەزعەلی، ئەمینداریی بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق و شبل زەیدى، ئەمینداری کەتیبەکانى ئیمام عەلی

کاردانەوەکان لەبارەى بڕیارەکەى موقتەدا سەدر بۆ دەستبەرداربوون لە گرووپى سەرایا سەلام و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوە سەربازییەکان بەردەوامن، قەیس خەزعەلى ئەمینداریی بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق دووپاتیدەکاتەوە، پڕۆژەى بزووتنەوەکەى پڕۆژەى دەوڵەت و سەروەرى و سەقامگیرییە نەک پڕۆژەى دەسەڵاتخوازى و پشێوى.

هەڵوێستی کەتیبەکانی ئیمام عەلی

شبل زەیدى، ئەمینداری کەتیبەکانى ئیمام عەلیش پشتیوانیی هەنگاوەکانى حکومەت بۆ هێشتنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەکات.

چاوەکان لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکە لە دەستی دەوڵەتدا

دواى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلى زەیدى، ئێستا چاوەکان لەسەر پرۆسەى کۆکردنەوەى چەکن لە دەستى دەوڵەتدا، کە یەکێکە لە بڕگەکانى کارنامەى حکومەتەکەی زەیدیییە.

فشاری ئەمریکا بۆ بەشدارپێنەکردنی گروپە چەکدارەکان لە حکومەت

سەرۆکوەزیران، لەژێر فشارى ئەمریکادا، گرووپە چەکدارەکانى لە کابینەکەیدا بەشدارپێنەکردووە، بۆ دەربازبوون لە هەر سزایەکیش لە داهاتوودا، دەیەوێت لە قۆناغى داهاتوودا هەڵمەتى هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان و کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت دەستپێبکات، بەڵام ئەم هەنگاوە بێ مەترسى نییە و ئەگەر زەمینەسازى تەواوى بۆنەکرێت پێکدادان لە نێوان حکومەت و گرووپەکان بەدوور نازانرێت.

بڕیارەکەی سەدر و هەڵوێستی گروپەکانی دیکە

موقتەدا سەدر ڕێبەرى ڕەوتى نیشتمانیی شیعە، بە بڕیارى دەستبەرداربوون لە سەرایا سەلام، گرووپەکانى دیکەى خستووەتە دووڕیانێکەوە، یا ئەوەتا ئارەزوومەندانە بەدەم بانگەوازى حکومەتەوە دەچن و دەبنە بەشێک لە دامەزراوەکان، یاخود لەبەرامبەر پێدانى پۆست و پلە لە حکومەتەدا تێکەڵ دەبن، واتە هەر دواخستنێکى پرۆسەکە لە بەرژەوەندى حکومەت و گرووپە چەکدارەکانیش نییە، بەو پێیەى ئەمریکا مەرجى پشتیوانیکردنى کابینەکەى زەیدى گرێداوە بە هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان و دوورخستنەوەیان لە حکومەت.

هەڵوێستی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق

قەیس خەزعەلى ئەمینداریی بزووتنەوەى عەسائیبى ئەهلى حەق و هاوپەیمانیی سادقون کە خاوەنى 27 کورسییە لە ئەنجوومەنى نوێنەران، لە وتارى نوێژى جەژنى قوربان، دووپاتیکردەوە، پڕۆژەى بزووتنەوەکەى پڕۆژەى دەوڵەت و سەروەرى و سەقامگیرییە، نەک پڕۆژەى دەسەڵاتخوازى و پشێوى.

بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەت

خەزعەلى، گوتیشى، قۆناغى ئێستا دەخوازێت ڕۆڵى دامەزراوەکانى دەوڵەت بەهێز بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

بەگوتەى قەیس خەزعەلى، مقاوەمە و کارى سیاسى "دژ بەیەک نیین" بەڵکو تەواوکەرى ئاڕاستەیەکن کە دەتوانرێت کۆبکرێنەوە بەگوێرەى بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان.

پاراستنی سەروەریی عێراق

هەروەها ئەمیندارى عەسائیبى ئەهلى حەق ئاماژەى بەوەشکرد، پڕۆژەى عەسائیبى ئەهلى حەق بونیادنراوە لەسەر پاراستنى سەروەریی عێراق هاوتەریب لەگەڵ پشتیوانیی سەقامگیریی سیاسى و بونیادنانى دەوڵەت.

هاوکات شبل زەیدى، ئەمیندارى کەتیبەکانى ئیمام عەلى و سەرۆکى هاوپەیمانیی خەدەمات کە پێنج کورسى لە ئەنجوومەنى نوێنەران هەیە، لە ڕاگەیێنراوێکدا پشتیوانیی خۆى بۆ هەنگاوەکانى سەرۆکوەزیران ڕاگەیاندووە، لەوانەش کۆکردنەوەى چەک لە دەستى دەوڵەت و بەهێزکردنى دامەزراوە ئەمنییەکان و دەرکردنى یاساى حەشدى شەعبى و ڕێکخستنى.

هەڵوێستی پێنچ گروپی چەکدار لە بڕیارەکەی سەدر

بەگوێرەى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، پێنج گرووپى چەکدار، لارییان نییە لە دانانى چەک و ڕادەستکردنى بە دەوڵەت، بەڵام دوو گرووپى دیکە دژى هەنگاوێکى لەو جۆرەن، وا لێى دەڕوانن بەدەنگەوەچوونى مەرجەکانى ئەمریکایە بۆ چەکداماڵینى گرووپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێران و ڕێگەنەدان بە وەرگرتنى پۆست لە حکومەتى نوێ.

زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەودەکەن، ڕێکخراوى بەدر، عەسائیبى ئەهلى حەق، کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانى سەئرووڵا و کەتیبەکانى ئیمام عەلى ئامادەن چەک دابنێن.

لەبەرامبەردا بزووتنەوەى نوجەبا و کەتیبەکانى حیزبوڵا، چەکدانان ڕەتدەکەنەوە.

بۆچوونی شارەزایانی سەربازیی

بەبڕواى شارەزایانى بوارى سەربازى، هەڵوەشاندنەوەى گرووپەکانى حەشدى شەعبى و مقاوەمەوە پێویستى بە دەرکردنى یاسایە لە ئەنجوومەنى نوێنەران، تێپەڕاندنى بڕیارێکى لەو جۆرەش کارێکى هەروا ئاسان نییە، بەو پێیەى ئەو هێزە سیاسییانەى باڵى چەکدارییان هەیە لە کۆى 186 ئەندامى چوارچێوەى هەماهەنگى خاوەنى نزیکەى 80 کورسى ئەنجوومەنى نوێنەران، واتە تێپەڕاندنى بڕیارێکى لەو جۆرە پێویستى بە زەمینەسازى باش و ڕێککەوتنى سیاسى پێشوەختەیە.

شارەزایەکى بوارى سەربازى بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئێستا گرووپە چەکدارەکان لە ڕووى داراییەوە دووچارى گرفت بوون، ئەو بانکانەى لە ڕابردوودا مووچەىان بۆ چەکدارانى ئەو گرووپانە دابینکردووە، لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستى سزاکانەوە، بەڵام ئێستا هەندێک لەو گرووپانە دەیانەوێت بچنە ناو حکومەتەوە تاوەکو ئەو بارگرانییە داراییەى دروستبووە لە دابینکردنى مووچە و بژێوى بکەوێتە ئەستۆى حکومەت.

هەریەکە لە کەتیبەکانى حیزبوڵا، بزووتنەوەى نوجەبا، کەتیبەکانى سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانى ئەنساروڵا ئەوفیا و کەتیبەکانى ئیمام عەلى لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستى تیرۆرەوە، هاوکات لە جەنگى ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران چەندینجار هێرشى ئاسمانى کرایە سەر ئەو گرووپانە لە پارێزگاکانى ئەنبار و نەینەوا و کەرکووک و سەڵاحەدین و چەند ناوچەیەکى دیکە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئامارێکى ڕوون نییە لەبارەى ژمارەى گرووپەکانى حەشدى شەعبى و مقاوەمە، بەڵام لە بودجەى ساڵى 2023 ژمارەى هێزەکانى حەشدى شەعبى لە 238 هەزار کەس دیاریکراوە و بودجەى ساڵانەشیان سێ ترلیۆن و 900 ملیار دینارە. جگەلە 564 ملیار دینار بۆ بابەتى پڕچەککردن.