دوو ئاگر لە سنووری مەخمور کەوتوونەتەوە
ئاگرێک لەسنووری چیای قەرەبۆتک، نزیک گوندی هەمزەئاغا و ئاگرێک لە سنووری سەرگەران کەوتنەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی دوورخستنەوەی ئاگرەکە لە دەغڵ و دانی جوتیاران دەدەن.
سورشتی ناوچەکە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی قورس کردووە
بەشدار مەلا سلێمان بەڕێوەبەری شارەدێی سەرگەڕان بە کەناڵ8ی ڕاگەیاند، ئاگرێک لەسنووری چیای قەرەبۆتک و قەڵاتە سۆران کەوتووەتە و تائێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەهۆی سەختی ناوچەکەش، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن بچنە نزیک سەرچاوەی ئاگرەکە.
خێرایی با ئاگرەکەی فراوانکردووە
گوتیشی ،"بەهۆی خێرایی با ئاگرەکە بەخێرایەکی زۆرەوە بەرەو دەشتاییەکانی قەراج فراوان بووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و سوپا و ژمارەیەکی زۆری جوتیاران و ئیدارەی سەرگەڕان پێشیان لەئاگرەکە گرتووە بۆ ئەوەی نەگاتە دەغڵ و دانی جوتیاران.
ئاگرەکەی دەشتی قەراج کۆنترۆڵکراوە
هاوکات، ئاگرێکی دیکەش لەدەشتی قەراج لە نزیک مەخمور کەوتووەتەوە بەئاڕاستەی گوندی دوانزە هەوار، بەڵام توانراوە کۆنتڕۆڵبکرێت ئەگەر سەرهەڵنەداتەوە بەهۆی بوونی بای بەهێز لە ناوچەکە.
28/05/2026