ڕۆدى ڤۆلەر: تکایە باسى سیاسەت مەکەن

ڕۆدى ڤۆلەر، بەڕێوبەرى وەرزشیى هەڵبژاردەى ئەڵمانیا، نایەوێت هەڵەکانى مۆندیالى 2022 دووبارە ببێتەوە و داوا لە یاریزانانى هەڵبژاردەکەى دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە شتى لاوەکى و تەنها سەرنجیان لەسەر تۆپى پێ بێت.

لە لێدوانیکى رۆژنامەوانیدا، ڤۆلەر ڕایگەیاند، ئەوان هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدا نەبوون سنوور بۆ یاریزانەکانیان دابنێن و هیچ قسەیەک نەکەن، بەڵام هەمیشە هانیان دەدەن تەنها بیر لە تۆپى پێ بکەنەوە و کارێک نەکەن هەڵبژاردەکە زیانى پێ بگات.

ڤۆلەر گووتیشى: "داوا لە یاریزانەکانى ئەڵمانیا دەکەم، کارەکەى مۆندیالى چوار ساڵ پێش ئێستا دووبارە نەکەنەوە و لە هیچ کارێک نزیک نەبنەوە کە پەیوەندى بە وەرزشەوە نەبێت."

بەڕێوبەرى وەرزشیى هەڵبژاردەى ئەڵمانیا لەو چاوپێکەوتنەیدا پەیامى زیاترى بۆ یاریزانەکانى ئەڵمانیا نارد و داواى لێکردن بە هیچ شێوەیەک باسى سیاسیەت نەکەن و لێدوانێک کە پەیوەندى بە تۆپى پێوە نەبوو، بۆ هیچ ڕاگەیاندنێکى نەدەن.

ئەم قسانەى ڕۆدى ڤۆلەر لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردەى ئەڵمانیا لە یارییەکانى مۆندیالى 2022ى قەتەڕ، پشتیوانى هاوڕەگەزخوازەکانى کرد و ئەوەش کاردنەوەى نەرێنى لێکەوتەوە، کە بەشێک لە شرۆڤەکارانى تۆپى پێ لەو کاتەدا پێیانوابوو، هۆکارى سەرەکیى شکستى هەڵبژاردەکە لەو مۆندیالە، ئەوەبووە کە یاریزانانى ئەڵمانیا سەرنج و خەیاڵیان لاى تۆپى پێ نەبووە.