سعودییە داواى گواردیۆلا دەکات

فیدراسیۆنى تۆپى پێی سعودیە، لە ئێستاوە خۆى بۆ میوانداریکردنى مۆندیالى 2034 ئامادە دەکات و لە یەکەم هەنگاویشدا دەیەوێت پیپ گواردیۆلا بکاتە ڕاهێنەرى هەڵبژاردەکە.

بن جاکۆبس، ڕۆژنامەنووسى وەرزشى، ئاشکراى کردووە، بەرپرسانى تۆپى پێی سعودیە دەیانەوێت هەلى وازهێنانى پیپ گواردیۆلا لە ڕاهێنەرایەتیی یانەى مانچێستەر سیتى بقۆزنەوە و بە خێرایی ئەو ڕاهێنەرە ئیسپانیە پەلکێشى وڵاتەکەیان بکەن.

بە پێی زانیارییەکانى ئەو ڕۆژنامەنووسە، فیدراسیۆنى تۆپى پێی سعودیە نایەوێت گواردیۆلا بۆ کارکردن لە یانەیەکى وڵاتەکەیان کار بکات، بەڵکو دەیانەوێت گرێبەستێکى درێژخایەنى لەگەڵدا واژۆ بکەن و ئەرکى ڕاهێنەرایەتى هەڵبژاردەکەى وڵاتەکەى پێ بسپێرن، ئەوەش لە چوارچێوەى ئەو کارانە دەبێت کە ئەو وڵاتە وەک ئامادەکاریی بۆ یارییەکانى مۆندیالى 2034 ئەنجامى دەدات کە بڕیارە لە سعودیە ئەنجام بدرێت.

ئەم هەوڵەى بەرپرسانى سعودیە لە کاتێکدایە کە گرێبەستى جۆرجیۆس دۆنێسى ڕاهێنەرى ئێستاى هەڵبژاردەکە تاوەکو ساڵى 2027 دەخایەنێت، بەڵام دەیانەوێت کەسایەتیەکى گەورە بۆ هەڵبژاردەى سعودیە دروست بکەن لە مۆندیالدا و تۆپى پێی وڵاتەکەش زیاتر بەرەو پێشەوە ببەن.