ئێران: تاوەکو ئێستا ئەمریکا ڤیزای بە ئەندامانی هەڵبژاردەکەمان نەداوە

باڵیۆزی ئێران لە مەکسیک ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا یاریزان و ئەندامانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی ڤیزایان لە لایەن ئەمریکاوە بۆ بەشداری لە مۆندیال وەرنەگرتووە، وەزیری وەرزش و لاوانی وڵاتەکەش دڵنیایی دەدات کە هەڵبژاردەکەیان لە ئاستێکی باشی ئامادەکارییەکانن بۆ مۆندیال.

ئەبولفەزڵ پەسەندیدە، باڵیۆزی ئێران لە مەکسیک ڕایگەیاند،" تاوەکو ئێستا ئەمریکا ڤیزای بە تیمی تۆپی پێی وڵاتەکەیان نەداوە گوتیشی، نازانن ئایا ڤیزا دەدات بە تیمەکەمان یان نا بۆیە پێویستە چاوەڕێ بین."

پێشتریش مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ڕاگەیاندبوو، هەڵبژاردەکەیان بە 10 مەرج بەشداری لە جامی جیهانی دەکات، یەکێک لە مەرجەکانیشیان ئەوەیە ڤیزا بدرێت بە هەموو ئەندامانی تیمی هەڵبژاردەکەیان لە ناویشیاندا ئەوانەی لە سوپای پاسداران خزمەتیان هەیە.

هەر لە بارەی کێشەی پێدانی ڤیزا بە تیمی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئێران پەسەندیدە گوتیشی، "وەکو ئەوەی فیفا بەڵێنی دابوو دەبێت ڤیزا بێ جیاوازی بدرێتە هەموو ئەندامانى هەڵبژاردەکەیان بۆ بەشداری لە مۆندیال".

16ی ئەم مانگەش ماتیاس گرافستروم، سکرتێری گشتی فیفا لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران داوای لە هەڵبژاردەی ئێران کرد بەشداری مۆندیال بکەن و گوتیشی، "بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بەشداری ئێرانین لە مۆندیال".

هاوکات ئەحمەد دونیامالی، وەزیری وەرزش و لاوان بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، هەڵبژاردەی نیشتمانی ئێران لە ئاستێکی باشی ئامادەکاریدایە و گوتیشی، بڕیارە هەڵبژاردەکەیان لە مەکسیک جێگیر بکرێن.

بڕیاری بەشداری ئێران لە مۆندیالی 2026 لە کاتێکدایە هێشتا ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن بەردەوامە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دروستکردنی ڕێکەوتنێک لە نێوانیشیان بەردەوامە.

ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ کەنەدا و مەکسیک میوانداری یارییەکانی جامی جیهانی 2026 دەکات کە یەکەمجارە 48 هەڵبژاردە بەشداریى دەکەن، ئێران لە قۆناغى کۆمەڵەکان بەرامبەر هەڵبژاردەکانى مەغریب، بەلجیکا و نیوزلەندا یاریی دەکات