بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی: بەهۆی پڕبونی هۆتێلەکان گەشتیار لە پارکەکان دەمێننەوە
بەهۆی زۆری هاتنی ژمارەی گەشتیار بۆ پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە گەشتیاران لە کەشێکى ئارام لە پارک و باخچەکان دەمێننەوە و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوەش دەپارێزرێن.
شەوانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە پارکەکان دەمێننەوە
بەهرۆز سالار، بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند " بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و پڕبونی هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەکانی پارێزگای سلێمانی، شەوانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە پارکی ئازادی و باخی گشتی دەمێننەوە".
لە دۆخی ئاساییدا شەو مانەوە لە پارکەکان قەدەغەیە
وتیشی "لە دۆخی ئاساییدا بەهەمووجۆرێک شەو مانەوە لە پارکەکان قەدەغەیە، بەڵام دەزگای ئاسایش ئاگاداری هاتنی ژمارەی زۆری گەشتیارانە و بەهۆى نەمانى شوێن لە هۆتێلەکان رێگری لە خێزانەکان ناکرێت کە دەیانەوێت لە پارکەکان بمێننەوە و لەلایەن تیمەکانى ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانى دیکە دەپارێزرێن".
دەزگای ئاسایش ئەو خێزانانە دەپارێزن
بەهرۆز سالار ئاماژەى بەوەشکردووە کە چاودێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی باخچەکان و دەزگای ئاسایشی سلێمانی هەوڵی پاراستنی ئەو خێزانانە دەدەن کە لەپارکەکان دەمێننەوە و شەوی رابردوو 35خێزان لە باخی گشتی ماونەتەوە، وەک بەڕێوەبەرى باخچەکانى سلێمانى ئاماژەى بۆ کرد، ژمارەکە لە پارکی ئازادی زۆر زیاتر بووە.
29/05/2026