ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەتاتەیە و جووتیاران باس لە کەمبوونەوەی بەرهەمەکە دەکەن

بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان
بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی كوردستان

لە ڕۆژی جیهانیی پەتاتەدا، جووتیاران لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بارانبارینی زۆر و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە بەرهەمەکانیان کەمی کردووە، هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵیش پلانەکانی بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ لە ڕێگەی کارگە پیشەسازییەکان و بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەخاتەڕوو.

کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر بەرهەمی پەتاتە

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەتاتەیە و جووتیارێک بۆ کەناڵ8 ئەوەی خستەڕوو، ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانەوە بەرهەمی پەتاتەیان کەمە. ئەو جووتیارە دەشڵێت، بەشێک لە بەرهەمی پەتاتە نەخۆشی لێیداوە و ڕێگربووە لە گەورەبوونی قەبارەکەی.

داواکاریی جووتیاران بۆ کردنەوەی بازاڕەکان

ئەو جووتیارە داوا لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی بازاڕی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەڕووی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی بەرهەمەکە ساغ ببێتەوە و نرخەکەی دانەبەزێت و جووتیاران زەرەرمەند نەبن.

ئامارەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی هیوا عەلى، گوتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، ساڵى ڕابردوو لە هەرێمى کوردستان 700 هەزار تۆن پەتاتە هەبووە و پێشبینیى کرد، ئەمساڵ زیاتر بێت.

هەوڵەکانی حکومەت بۆ پاڵپشتیی کەرتی کشتوکاڵ

هیوا عەلى، ئاماژەى بەوەشکردووە، بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمى جووتیاران، لەگەڵ حەوت کارگەى پیشەسازیى خۆماڵى گرێبەستیان کردووە بۆ کڕینەوەى بەرهەمى پەتاتە بۆ فینگر و چپس.

ئاستی پێداویستیی ناوخۆ و بڕی زیادە

پێداویستیى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ساڵانە 300 بۆ 350 هەزار تۆنە و نزیکەی 350 بۆ 400 هەزار تۆنی ڕەوانەى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دەکرێت.

ڕۆژی جیهانیی پەتاتە گرنگییەکەی

پەتاتە بە یەکێک لە گرنگترین بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دادەنرێت لە جیهاندا و سەرچاوەیەکی سەرەکیی ئاسایشی خۆراکە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆراک و کشتوکاڵ (فاو - FAO) ڕۆژی 30ی ئایاری وەک ڕۆژی جیهانیی پەتاتە دیاری کردووە. هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی پەتاتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە تاوەکو تیشک بخرێتە سەر گرنگیی ئەم بەرهەمە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی جیهانی و هەروەها پشتگیریکردنی ئەو ملیۆنان جووتیارە، کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم کەرتەیە. هاوکات بۆ ئەوەشە، کە ئاستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەبارەی گرنگیی ئەم بەرهەمە لە ڕووی خۆراکی و ئابوورییەوە بەرزبکرێتەوە.