دەستەی گەشتوگوزار: پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران سەرکەوتوو بووە و ئەمساڵ گەشتیاری زیاتر هاتووە

دیمەنی یەکێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی دووکان
دیمەنی یەکێک لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی دووکان

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی پلانی تایبەت بە پێشوازیکردن لە گەشتیارانی لە ڕۆژانی جەژندا ڕاگرت، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا ئاماری کۆتایی ژمارەی گەشتیاران ڕانەگەیەندراوە بەڵام نیشانە سەرەتاییەکان پەرەسەندنی کەرتی گەشتوگوزار نیشان دەدەن.

ڕوونکردنەوەی گوتەبێژی گەشتوگوزار لەسەر ئامارەکان

ئیبراهیم مەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بەکەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "هێشتا داتا و زانیارییەکانمان لە بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ نەگەڕاوەتەوە و بەمەش هێشتا دیارنییە بە ژمارە چەند گەشتیار لە ڕۆژانی جەژن هەتوونەتە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، بەڵام بەگوێرەی داتا سەرەتاییەکان، ئەمساڵ گەشتیارێکی زیاتر بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕوویانکردووەتە ناوچە گەشتیارییەکان".

جێبەجێکردنی ڕێکارەکان و دۆخی ئەمنی

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتیشی: "پلانی پێشوازییکردن لە گەشتیاران سەرکەوتووانە جێبەجێکراوە، بەوەی کارئاسانییان بۆ کراوە لە بازگەکان و بەزووترین کات ڕێکارەکانیان تەواوکراوە، لە ناوچە گەشتیارییەکانیش بە باشی ئامادەکاریی کراوە و پێشوازییان لێکراوە، خۆشبەختانە هیچ ڕووداوێکی نەخوازراویش ڕووینەداوە".

جیاکردنەوەی ئامارە فەرمییەکان لە دەنگۆکان

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار گوتیشی:" لێرەو لەوێ ژمارەی گەشتیاران بڵاودەکرێنەوە هیچییان فەرمیی نین و ڕاست نین، چونکە ژمارەی گەشتیار لەگەڵ سەردانیکەر جیا دەکرێتەوە". بەگوێرەی داتای فەرمیی دەستەی گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3,000 شوێن و بنکەی گەشتیاری هەن.

دۆخی بنکە گەشتیارییەکان لە سلێمانی

تەنیا لە سلێمانی 2,400 بنکەی گەشتیاری و هۆتێل بوونیان هەیە کە 600 دانەیان میللین.

توانای گەشتیاریی هەرێم و کاریگەرییەکانی جەنگ

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، 480 هۆتێل، 282 مۆتێل، 44 کۆمەڵگەی گەشتیاری و 1,000 ڕێستۆرانت لە خزمەتی گەشتیاراندان، کە ئێستا زۆربەیان بەهۆی جەنگەوە تووشی بێکاریی بوون.

ئاستی خەرجیی دارایی گەشتیاران

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، هەر گەشتیارێکی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان 250 بۆ 300 دۆلار خەرج دەکات، لە کاتێکدا خەرجیی گەشتیارانی نێودەوڵەتی دەگاتە 2,000 دۆلار.