زیاتر لە 3 مانگە 8 گەنجی کورد لە لیبیا بۆ 6 هەزار دۆلار دەستبەسەر کراون
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆمەڵێک گەنجی کورد، کە ژمارەیان 8 کەسە، بەنیازی کۆچی نایاسایی بوون و لە وڵاتی لیبیا لەلایەن باندە مافیاییەکانەوە ڕفێندراون و داوای پارە لە کەسوکاریان دەکرێت لە بەرامبەر ئازادکردنیاندا. ئەو گەنجانە زیاتر لە سێ مانگ و 16 ڕۆژە ڕفێندراون و باندە مافیاییەکان بۆ ئازادکردنی هەر یەکێکیان داوای وەرگرتنی پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار دەکەن و کەسوکاریشیان لە هەوڵدان بۆ ئازادکردنیان.
تەمەنی گەنجەکان و کاتی دەستبەسەرکردنیان
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بە کەناڵ8ـی گوت، هەشت گەنجە کوردەکە کە تەمەنیان لە خوار 25 ساڵەوەیە، بەنیازی کۆچ بوون بۆ ئیتاڵیا، بەڵام لە 14ـی ئازاری ئەمساڵەوە، لەلایەن باندێکی مافییاوە لە لیبیا دەستبەسەرکراون.
چۆنیەتیی ڕفاندن و دەڵاڵەکانی قاچاخچێتی
ڕووداوەکە کاتێکبووە، گەنجەکان لە مانگی ئازارەوە لەلایەن دەڵاڵێکی کوردەوە ڕادەستی کوڕێکی سووری بەناوی عەبدوڵا کراون و دواتر ئەویش ڕادەستی کەسێکی دیکەی کردوون بە ناوی ئەبو سوڵتان، کە هەر سوورییە، بەڵام لە لیبیا دادەنیشێت و لەلایەن باندێکی قاچاخچییەوە، لەوکاتەوە دەستبەسەر کراون.
بڕی پارەی داواکراو
ئەو باندە بۆ ئازادکردنی هاونیشتمانییە کوردەکان، داوای پێنج بۆ شەش هەزار دۆلار (50 بۆ 60 وەرەقە) بۆ هەریەکەیان دەکەن.
ناسنامە و ناوچەی نیشتەجێبوونی گەنجەکان
گەنجەکان پێنج کەسیان خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕینن، گەنجێکیشیان خەڵکی شارەزوورە و دوو گەنجەکەی دیکە لەلایەن قاچاخچییەکی دیکەوە ڕادەستی سوورییەکان کراون، بەڵام بەدیاریکراوی نازانرێت خەڵکی چ شار و ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانن.
مەرجی کەسوکاری گەنجەکان بۆ پێدانی پارەکە
ئێستا کەسوکاری گەنجەکان ئامادەن ئەو بڕە پارەیە بدەن، بەڵام بە مەرجی بوونی گرەنتی، کە کوڕەکانیان ئازاد دەکرێت نەوەک تەنیا پارەکانیان بفەوتێت و ئازاد نەکرێن.
هەوڵە فەرمییەکان بۆ ڕزگارکردنیان
لەبارەی بوونی هەوڵی فەرمی و حکومی بۆ ئازادکردنی گەنجەکان بەبێ پێدانی ئەو پارەیە، بەکر عەلی دەڵێت، ڕێنمایی کەسوکاری گەنجەکان دەکەن دام و دەزگا حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بهێننە سەرهێڵ بۆ ئازادکردنی کوڕەکانیان.
30/05/2026