عەمار حەکیم و هادی عامری لە بەغداد پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتیان تاوتوێ کرد
عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر لە کۆبوونەوەیەکدا پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتی عێراق، یەکڕیزیی ناو ماڵی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێویستییە یاساییەکانیان تاوتوێ کرد. هەردوولا لە پاڵ پرسی چاکسازی و خزمەتگوزاریی ناوخۆیی، ئاوڕیان لە دۆخی ناوچەکەش دایەوە و هیوایان خواست دانوستانەکان ببنە هۆکاری کۆتاییهاتنی جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری.
کۆبوونەوەی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە سیاسییەکان
عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی و هادی عامری ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبوونەوە و تاوتوێی تەواوکردنی کابینەی حکومەت و یەکڕیزی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێویستییە یاساییەکانیان کرد.
پاڵپشتیکردنی سەرۆکوەزیران لە پڕۆسەی چاکسازی و خزمەتگوزاریدا
عەمار حەکیم لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عادی عامری ڕاگەیێنراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "گفتوگۆیەکی قووڵ و چڕوپڕمان سەبارەت بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت و پاڵپشتیکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە بواری چاکسازی، خزمەتگوزاری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، کرد".
دەرکردنی یاسای خزمەتگوزاری لەژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئابووریدا
حەکیم دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزیی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووەتەوە و نووسیویەتی: "لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ئابووریی ئێستادا، باسمان لە بەردەوامبوون لە دەرکردنی ئەو یاسایانە کردەوە کە خزمەت بە هاووڵاتیان دەکەن و وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانیانن بە شێوازێک کە ببێتە هۆی چەسپاندنی دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەت".
هەڵوێستی هەردوولا لەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی، لە کۆبوونەوەکەدا باسییان لە دۆخی ناوچەکەش کردووە و هەردوولا هیوایان خواستووە ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لە ئارادان ببنە هۆی کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
30/05/2026