وەزارەتی کشتوکاڵ: ساڵانە نزیکەی 100 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە پەتاتە دادەچێنرێت

کێڵگەیەکی پەتاتە
کێڵگەیەکی پەتاتە

ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایدەگەیەنێت، کەرتی بەرهەمهێنانی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ساڵانە ڕووبەرێکی فراوان بۆ ئەو مەبەستە بەکاردێت. بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی گەیشتووەتە 175 هەزار تۆن و بەشێکی سەرەکیی پێداویستیی کارگەکانی ناوخۆی پڕکردووەتەوە.

ڕووبەری زەوییە چێنراوەکان

ڕزگار حەمە خدر، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاوى هەرێمى کوردستان، بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ساڵانە لەنێوان 60 بۆ 100 هەزار دۆنم زەوى لە هەرێمى کوردستان بە پەتاتەى خواردن و ئەوەی دەدرێتە کارگەکان، دادەچێنرێت.

ئاماری بەرهەمی پەتاتەی خواردن

ڕاشیگەیاند، ساڵى ڕابردوو بەرهەمى ناوخۆیی هەرێمى کوردستان بۆ پەتاتەى خۆراکى 700 هەزار تۆن بووە لە هەردو وەرزى پایزە و بەهارەیدا.

پەتاتەی پیشەسازی و پێداویستیی کارگەکان

ئەوەشى خستەڕوو، ساڵى ڕابردوو بەرهەمى پەتاتەى پیشەسازى 175 هەزار تۆن بووە لە ڕێگەى گرێبەستەوە بە حەوت کارگە لە هەرێمى کوردستان دەفرۆشرێت، کە لەسەدا 60٪ـى پێداویستیى کارگەکان دابین دەکات کە ساڵانە پێویستیان بە 260 بۆ 280 هەزار تۆن پەتاتەى پیشەسازى هەیە بۆ فینگر و جیپس.

سیستمی گرێبەست لەگەڵ جووتیاران

ڕاوێژکارەکەى وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەى بەوەشکرد، زۆربەى کارگەکان گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران هەیە کە بە هاوبەشى کاردەکەن بۆ بەرهەمى پەتاتەى پیشەسازى.

پشتیوانیکردنی جووتیاران لەلایەن کارگەکانەوە

ئەوەشى دووپاتکردەوە، کارگەکانى بەرهەمى فینگر و چیپس خۆیان شەتڵ و زانیارى لەبارەى بەهێزکردنى بەرهەمى پەتاتەى پیشەسازى دەدەنە جووتیاران، چونکە ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان لە کارگەکانەوە لێ وەردەگیرێت.

ساغکردنەوەی بەرهەمی پیشەسازی

جەختى لەوەشکردەوە، ئەو جووتیارانەى بەرهەمى پەتاتەى پیشەسازى دەچێنن لە ڕێگەى گرێبەستەوە، لەگەڵ کارگەکاندا مامەڵە دەکەن، چونکە بەرهەمى پەتاتەى پیشەسازى لە بازاڕدا نافرۆشرێت.