تۆپی پێی عێراق پێش دەستپێکی مۆندیال لە قەیرانێکی گەورەدایە

هەڵبژاردەی عێراق هێندەی نەماوە بەرەو ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال گەشت بکات.

لە پشت پەردەشەوە لەنێوان یەکێتیی پێشوو و ئێستای تۆپی پێی عێراقدا کێشەیەکی دارایی و یاسایی گەورە تەقیوەتەوە، ڕەنگە چەندین بەرپرسی باڵای پێشووی وەرزشی ڕابماڵێت.

کێشەیەکی نوێ لە ئاسۆدا دەردەکەوێت، پاڵەوانەکەی عەدنان درجال، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقە، لەگەڵ محەمەد فەرحان عوبێد، ئەمینداری گشتیی پێشوو.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، نووسراوێکی فەرمی و بەپەلە، بە واژۆی دکتۆر گۆڤەند عەبدولخالق مسعود، ئەمینداری گشتیی ئێستای یەکێتییەکە دەرچووە.

لەم نووسراوەدا تەنیا 72 کاتژمێر مۆڵەت دراوەتە درجال بۆ وەڵامدانەوەی ئەو نووسراوەی کە ئاڕاستەی کراوە، چونکە گومان لە چۆنیەتی سەرفکردنی بەخشینێکی دارایی گەورە دەکرێت کە لە پێشوودا بۆ یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق تەرخانکراوە. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەناو بەڵگەنامە فەرمییەکەدایە، ئیدارەی پێشووی یەکێتییەکە ڕووبەڕووی تۆمەتێکی ڕوون بووەتەوە، ئەویش وەرگرتنی بڕی 500 هەزار دۆلاری ئەمریکییە لە نووسینگەی محەمەد ڕێکان حەلبوسیی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، کە وەک پاداشتی سەرکەوتنی عێڕاق بۆ مۆندیال پێشکەشیانکراوە، بەڵام شۆکەکە لەوەدایە، یەکێتیی نوێ دەڵێت ئەم پارەیە بە تەواوی بەسەر یاریزانان، ڕاهێنەران و کارگێڕان دابەش نەکراوە.

یەکێتیی ئێستای تۆپی پێی عێراق، چوار داواکاری توندی خستووەتە بەردەم درجال: 

یەکەم: دیاریکردنی وردی کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە نووسینگەی حەلبوسی وەرگیراوە. 

دووەم: ڕوونکردنەوەی هۆکاری هێشتنەوەی بەشێکی زۆری ئەو پارەیە و دابەش نەکردنی بەسەر یاریزانان و ستافەکەدا. 

سێیەم: بۆچی ئەم پارەیە نەخراوەتە ناو هەژماری فەرمیی یەکێتییەکەوە و وەک "هێباتی دەرەکی" بەپێی یاسا نیشتمانییەکان تۆمار نەکراوە. 

چوارەم: پێشکەشکردنی لیستی فەرمیی واژۆکراوی ئەو کەسانەی کە پارەکەیان وەرگرتووە. 

تۆنی نووسراوەکە هەڕەشەئامێز و ڕاستەوخۆیە، بەهۆی ئەو بەرپرسیارێتییە کارگێڕی، دارایی و یاساییە قورسەی لەسەر ئەم دۆسیەیەیە، مۆڵەتی 72 کاتژمێرەکە دوا چانسە بۆ پێشکەشکردنی بەڵگەکان.

بە پێچەوانەوە، یەکێتییەکە ڕایگەیاندووە کە ناچار دەبێت پەنا بۆ دادگا و گرتنەبەری سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان دژی سەرپێچیکاران ببات، ئێستا کاتژمێرەکە کەوتووەتە کار، و کاتیش لە بەرژەوەندیی سەرۆکی پێشوودا نییە.