وەزیرى کشتوکاڵ: بەغداد جیاکاری دەکات و 400 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە پشکی وەرگرتنی گەنمی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەگرێت و ئاماژە بە جیاکارییەکی زۆر دەکات لە نێوان جووتیارانی هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق، هاوکات ئاشکرای دەکات کە چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراقن بۆ زیادکردنی بڕی ئەو گەنمەی دەخرێتە ناو پلانی وەرگرتنەوە.

جیاکاری لە پشکی هەرێم و بڕی وەرگرتن

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و ئەمساڵیش وەرگرتنی گەنم و پشکی هەرێمی کوردستان لە خواستی وەزارەتەکەدا نییە و لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق جیاکارییەکی زۆر دەکرێت.

گەنمی ناو پلان و گەنمی دەرەوەی پلان

بێگەرد تاڵەبانی بۆ کەناڵ8 باسی لەوەکرد، 400,000 تۆن گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت کە 292,000 تۆنی لەناو پلانە و 108,000 تۆنی لە دەرەوەی پلان دەبێت.

هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکان

وەزیری کشتوکاڵ ئاشکراشی کرد، هەوڵیانداوە هەموو ئەو گەنمەی وەردەگیرێت (400,000 تۆنەکە) بکرێتە ناو پلانەوە و چاوەڕوانی وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراقن. بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، لەگەڵ بەغداد هەمیشە جەختلەوەدەکەینەوە نابێت ماف و شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دوابخرێت بەڵکو دەبێت لەکاتی خۆیدا بنێردرێت.

پاساوەکانی بەغداد و ڕێگەی جێگرەوە

لەبارەى ئەوەى بۆچى عێراق تەنیا 400,000 تۆن گەنمى هەرێمى کوردستان وەردەگرێت، وەزیری کشتوکاڵ گوتى "پاساوەکەیان نەبوونى پارەیە".

گرێبەست لەگەڵ دوو کۆمپانیا بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی بڕێکی زۆر لە گەنمى بەرهەمهاتوو لەلایەن کەرتى تایبەتەوە وەربگیرێت و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستیان لەگەڵ دوو کۆمپانیا هەیە.