یونسکۆ: هونەر و کولتوور پردن بەرەو هاونیشتمانیبوونی جیهانی

ئاژانسی یونسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، دەستپێشخەرییەکی نوێی جیهانی ڕاگەیاندووە، بەمەبەستی پێکهێنانی هونەر و کولتوور وەکو پردێک بۆ دروستکردنی چەمکی هاونیشتمانیبوونی جیهانی.

"هونەر و کولتوور نەتەوەکان نزیکدەخاتەوە"

لە ناوەڕۆکی ڕاگەیێنراوێکی نوێدا، کە وەکو دەستپێشخەریی پێشنیاری کردووە، ئاژانسی یونسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، جەخت لەوە دەکاتەوە، هونەر و کولتوور، بکرێن بە پردێک، بۆ نزیکخستنەوەی زیاتری نەتەوەکانی جیهان و دروستکردنی هاونیشتمانیبوونی جیهانی.

"هونەر و کولتوور کەشی گفتوگۆ دروستدەکەن"

یونسکۆ وای دەبینێت، چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان، کار دەکەن بۆ دروستکردنی ناوەند و کەشی گفتوگۆ و هەماهەنگی لەنێوان نەتەوە جیاوازەکاندا، کە پاڵنەر دەبێت بۆ پێکەوەبوونی بەکۆمەڵ و بەهێزکردنی پێوەرە مرۆییە هاوبەشەکان بەمەبەستی پێکەوەژیان.