ترەمپ: ئێران بەڵێنیداوە هەوڵ نەدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە تاران بەڵێنی پێداون هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، ئەمەش وەک خاڵێکی سەرەکی لە دانوستانەکانی تایبەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوزەد دەکات. هاوکات ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی پەلە ناکات، بەڵام هۆشداری دەدات ئەگەر خواستەکانی واشنتن بەدی نەیەن، مامەڵەیەکی جیاوازیان دەبێت.
ئامانج کۆتاییهێنانە بە جەنگ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەڵێنیداوە هەوڵ نەدات بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، گوتیشی، ئەمە خاڵی چەسپاو و سەرەکییە لە دانوستانەکاندا، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەرگرتنی دڵنیایی لە تاران
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تۆمار کراوە و ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، ترەمپ دەڵێت، دڵنیایی لە تاران وەرگرتووە کە نە هەوڵ بۆ کڕین، نە بۆ دروستکردنی ئەو چەکە نادەن، بەگوتەی ترەمپ، ئێران بەو داواکارییەی ئەو ڕازی بووە و بە سەرنجڕاکێش ناویبرد.
هۆشدارییەکانی ترەمپ لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن
ترەمپ دەڵێت، پەلەم نییە لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران و وەکخۆی گوتی، ئەوەی دەیانەوێت لەو ڕێککەوتنە بەبێ پەلەکردن بەدەستی دەهێنن، دەشڵێت، ئەگەر ئەوەی دەیانەوێت بەدەستی نەهێنن، دۆخەکە زۆر جیاواز دەبێت و ئەوکاتە مامەڵەی دیکەیان دەبێت.
گۆڕانکاری لە پێشنیازەکانی ئاشتی بۆ ئێران
بەگوێرەی پێگەی ئەکسیۆس، لەمدواییەدا دۆناڵد ترەمپ چەند گۆڕانکارییەکی لە پێشنیازی ئاشتیدا کردووە، کە پێشتر بۆ ئێرانیان ناردبوو و بەشێک لە گۆڕانکارییەکان پەیوەستن بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتەوە.
ڕەهەندەکانی ناکۆکی واشنتن و تاران لەسەر پرسی ئەتۆم
لە سەرەتای دانوستانەکانەوە، پرسی ئەتۆمیی ئێران یەکێکە لە خاڵە دیارەکانی ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن، ئەمریکا ئێران تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆم دەدات، تارانیش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دواخستنی پرسەکە بۆ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنێک دەکات.
31/05/2026