بازرگانی عێراق: کەشتیەک بە 44 هەزار تۆن برنج دەگاتە عێراق

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایدەگەیێنێت، کەشتیەک بە 44 هەزار تۆن برنجی ئەمریکییەوە گەیشتووەتە بەندەری عەقەبەی ئوردن و بەم نزیکانە داخڵ بە خاکی عێراق دەبێت.

دابینکردنى سەبەتەى خۆراک

​لوما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک ئاشکرایکردووە ​"پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەبەتەی خۆراک و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەگوێرەی پلانی بەبازاڕکردنی ساڵی 2026 بەردەوامە و دەشڵێت، کار دەکەین بۆ گەرەنتییکردنی گەیشتنی ماددە خۆراکییەکان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەبێ دواکەوتن، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک".

5 کەشتى دیکە لەنگەریان گرتووە

​هاوکات مەحموود خەلیفات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەڕێوەبردن و بەکارخستنی بەندەرەکانی عەقەبە، دەڵێت "پێنج کەشتیی دیکە کە جۆرەها کاڵا و ماددەی خۆراکیان (وەک برنج، گەنمەشامی، شەکر، ئاسن و دار) بۆ عێراق هەڵگرتووە، لە بەندەرەکە لەنگەریان گرتووە، ئەم کاڵایانە بە سیستەمی ترانزێت بەرەو بازاڕەکانی عێراق دەگوازرێنەوە.

داخستنى گەرووى هوورمز و ئاستەنگى دەستخستنى خۆراک

​خەلیفات، ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق ماوەی دوو مانگە بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە، پەنای بردووەتە بەر بەندەری عەقەبە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی هاوردەکردن و جێگرەوەی بەندەرەکانی باشووری عێراق و تاوەکو ئێستاش 100 هەزار تۆن ڕۆنی ڕووەکی لە بەندەرکەوە گواستراوەتەوە عێراق، و ئێستاش دوو کەشتیی دیکە بە 65 هەزار تۆنەوە چاوەڕوانی بەتاڵکردنی بارەکانیان دەکەن.