وزەی ئەمریکا: هەفتەی ڕابردوو هیچ بڕە نەوتێک لە عێراقەوە هاوردە نەکراوە
داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، دەریانخستووە، ئەمریکا لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا هیچ نەوتێکی خاوی لە عێراق و سعودیە و لیبیا هاوردە نەکردووە، دوای ئەوەی لە هەفتەکانی پێشووتردا هاوردەکردنی جیاوازی لەو وڵاتانە تۆمارکردووە.
سفربوونەوەى هاوردەى نەوتى عێراق
بەگوێرەی ئەو داتایانەی ڕوانگەی ئیکۆ عێراق پێداچوونەوەی بۆ کردووە، هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق لەماوەی ئەو هەفتەیەی کە باسی لێوە دەکرێت گەیشتووەتە سفر، دوای ئەوەی لە هەفتەی پێشووتر 67 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تۆمارکراوە، هەروەها واشنتن هیچ بڕە نەوتێکی سعودی هاوردە نەکرد دوای ئەوەی هاوردەکردنی نەوتی سعودیە گەیشتە 155 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەفتەی پێشوودا، لە کاتێکدا لیبیا لە ئاستی هاوردەکردنی بەڕێژەى سفر بەردەوام بوو.
کەنەدا پێشەنگى هەناردەکارى نەوتە بۆ ئەمریکا
کەنەدا لە پێشەنگی ڕیزبەندی گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاوە بۆ ئەمەریکا و بە تێکڕا هەفتەی ڕابردوو ڕۆژانە 3 ملیۆن و 829 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، لە دوای ئەویش ڤەنزوێلا دێت بە 414 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پاشان کۆڵۆمبیا بە 211 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەرازیل بە 200 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، مەکسیک بە 145 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، هاوردەی ئیکوادۆر گەیشتۆتە 114 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
کەمترین ئاست 48 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا
هەفتەکانی پێشووتر هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریکا ناجێگیربووە و بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە تەواو کەمیکردووە بەجۆرێک لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا گەیشتووەتە 48 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، پاشان گەیشتە بۆ 76 هەزار بەرمیل، دواتر 100 هەزار بەرمیل و کۆتا جاریش هەفتەی پێشووتر 67 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە و هەفتەی ڕابردووش هیچ بڕە نەوتێک لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا نەڕۆیشتووە.
31/05/2026