لێخۆشبوونی ڕسومات بۆ سەرجەم بازرگانان و پیشەوەران دەرکرا

لۆگۆی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان / عێراق
لۆگۆی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان / عێراق

ئەنجوومەنی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی گشتیی لە ڕسوماتی ساڵانی رابردوو بۆ سەرجەم بازرگانان و پیشەوەران دەرکرد.

تەواوى سێکتەرەکان دەگرێتەوە

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو دۆخە داراییەی بەسەر بازرگانان و پیشەوەراندا هاتووە، ئەنجوومەنی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی لێخۆشبوونێکی گشتی کە سەرجەم بازرگانان، کارسازان و پیشەوەرانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی سێکتەرە جیاوازەکان بگرێتەوە.

ڕسووماتى دوو ساڵ وەردەگیرێت

​گەیلان حاجی سەعید، دەشڵێت " لە چوارچێوەی ئەم لێخۆشبوونەدا، تەنیا ڕسوماتی دوو ساڵی کۆتایی لە بازرگانان وەردەگیرێت و ساڵانی پێشووتر لێخۆشبوونیان بۆ دەکرێت.

نووسینگەکانى خانوبەرە دەگرێتەوە؟

​سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر، باسی لەوەش کردووە "ئەم بڕیارە نووسینگەکانی خانووبەرە ناگرێتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسای دەڵاڵیی ژمارە 58، یەکێتییەکە دەسەڵاتی لێخۆشبوونی پێ نەدراوە، بەڵام لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی یاسایی بە مەبەستی کارئاسانی و بێبەشنەکردنی ئەوانیش لەم لێخۆشبوونە.

مانەوەى مافى ئەندامێتى

​داواش لە بازرگانان کرا لەپێناو بەردەوامیی مافی ئەندامێتییان، سەردانی ژوورەکان بکەن بۆ نوێکردنەوەی ناسنامەکانیان و دووپاتی کردەوە کە هەموو کارئاسانییەکیان بۆ دەکرێت.