ناجێگیریی نرخی زێڕ لە نێوان سڕینەوەی زیانەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لوتکەی نوێ
دۆخی ئێستای بازاڕ و نرخە تۆمارکراوەکان
نرخی زێڕ لە دۆخێکی ناجێگیردایە لە نێوان سڕینەوەی زیانەکانی ئەمساڵ و گەڕانەوە بۆ سەر ڕەوتی بەرزبوونەوە. نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لەکاتی داخستنی بازاڕەکاندا بە 4538 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، هەروەها لەکاتی کردنەوەی بازاڕیشدا نرخەکەی گەیشتە ئاستی دیاریکراوی خۆی.
هەڵبەز و دابەزی نرخەکان لەمساڵدا
هەڵدێرانی نرخی زێڕ لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیپێکرد، کاتێک بەرزترین لوتکەی لە 5597 دۆلار تۆمارکرد، بەڵام لە پاش ئەوە داڕمان ڕوویدا و لە نزمترین ئاستیشیدا 4382 دۆلاری تۆمارکردووە.
کاریگەریی ململانێ سیاسییەکان لەسەر بازاڕ
لەسەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاوکێشە داراییەکانی بازاڕی زێڕ پێچەوانە بوونەوە، کاتێک سەرنجەکان لەسەر کانزا بەنرخەکە لاچوو و کەوتە سەر بازاڕی زێڕ.
قەیرانی ووزە و گۆڕانی پێگەی زێڕ بۆ وەبەرهێنەران
لەگەڵ فراوانبوونی قەیرانی ووزە و ئەو زیانانەی بە وەبەرهێنەران کەوت، زێڕ لە دۆخی پێگەی سەلامەتەوە بووە فریادڕەسی کۆمپانیا، سەرمایەدار و وەبەرهێنەران؛ چونکە وەبەرهێنەران ئەو "ماڵە سپییەی بۆ ڕۆژی ڕەش" دایاننابوو فرۆشتیان تاوەکو بتوانن لەنێو کاریگەریی قەیرانەکاندا سەرمایە و بازرگانییەکانیان بپارێزن.
پێشبینییەکان بۆ ئاییندەی نرخ و جووڵەی سەرمایە
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، هێشتا بانک و دامەزراوە داراییەکان ڕژدن لەسەر ئەوەی زێڕ ڕەوتێکی دیکەی بەرزبوونەوەی لە پێشە لە کۆتایی ساڵدا. لەگەڵ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کانزا زەردەکە دەچێتەوە سەر هەمان ڕەوتی بەرزبوونەوەی خۆی و لوتکەی نوێ لە 6000 دۆلاردا تۆماردەکات بۆ هەر ئۆنسەیەک.
بەگوێرەی پێگەی "گۆڵد پرایس"، لە شەش مانگدا بڕی زیاتر لە 260440 دۆلار چووەتە نێو بازاڕی زێڕەوە، بەڵام لەماوەی تەنیا یەک مانگدا بڕی زیاتر لە 115000 دۆلار لە بازاڕەکە کێشراوەتەوە، کە ئەمەش دابەزینە بەڕێژەی 2.49%.
هۆکارە ئابوورییەکان و کاریگەریی بانکی فیدراڵی
خێرابوونی هەڵاوسان لە ئەمریکا و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمەکان قورسایی لەسەر نرخی کانزاکان دروست کردووە، بەڵام بەردەوامیی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە زیانەکانی سنووردار کردووە. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرەکانی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە بووەتە هۆی ئەوەی نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە خوار ئاستی 5000 دۆلاردا بمێنێتەوە.
ڕوانگەی بانکی جەی پی مۆرگان بۆ دۆخی بازاڕ
یوکشوان تانگ، بەرپرسی ڕێژەی سوود و ستراتیژی دراوی ئاسیا لە بانکی تایبەتی جەی پی مۆرگان ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی لە بازاڕی زێڕدا دەبینرێت نوێ نییە و دووبارەبوونەوەی وێنەی ساڵی 2022ـەیە، کاتێک نرخی زێڕ لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکیدا بە جێگیری مابووەوە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان
هەروەها بازاڕی زێڕ لە هەرێمی کوردستان بە کاریگەریی نرخی زێڕ لە بۆرسەی جیهانی و بەهای دینار ناجێگیرە. لە پاش پشووەکانی جەژن و لەمڕۆوە بازاڕی زێڕەنگەران دەکرێتەوە و نرخەکان بەمجۆرەیە:
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 24: 1142000 دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21: 998000 دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 18: 856000 دینارە.
01/06/2026