ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی منداڵانە؛ وردەکاریی دۆخ و ژیانی 2 ملیار و 400 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا

ژمارەیەک منداڵی کورد لە کاتی یاریکردندا
ژمارەیەک منداڵی کورد لە کاتی یاریکردندا

هاوکات لەگەڵ هەبوونی زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا، ئامارەکانی ڕێکخراوی یونیسێف ئاشکرای دەکەن کە پشکی شێری داهاتووی مرۆڤایەتی لە دەستی ئەم توێژەدایە، لە کاتێکدا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ژیانی خۆشگوزەرانی و ناچاریی کارکردنی منداڵاندا هەیە و یاساکانی کارکردنیش لە کیشوەرێکەوە بۆ کیشوەرێکی دیکە بە تەواوی جیاوازن.

ڕۆژی زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن منداڵ

ئەمڕۆ ڕۆژی زیاتر لە 2 ملیار و 400 ملیۆن منداڵە لە جیهاندا، نەوەیەک دەتوانێت چارەنووسى داهاتووى مرۆڤایەتیى ڕەنگڕێژ بکات، ئاشتى یان جەنگ، ئاوەدانى یان وێرانکاریى، هەڵبژێرێت.

منداڵ لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا

ئەم توێژە گرنگەى کۆمەڵ لەسەردەمى پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆجیا و ژیریى دەستکردایە، هەندێکیان لەوپەڕى خۆشگوزەرانى و وەک شازادە دەژین، بەشێکیشیان هێشتا وێڵی ژەمێک خۆراکن.

ئامارە جیهانییەکانی یونیسێف

بەگوێرەی دوایین ئامار و داتاکانی یونسێف، لەکۆی گشتیی 8 ملیار و 300 ملیۆن کەس لە جیهاندا، 2 ملیار و 400 کەسی منداڵ و مێردمنداڵن و تەمەنیان لەنێوان 0 بۆ 17 ساڵدایە.

ڕێژەی منداڵانی کارکەر بەپێی ڕەگەز

لەو ژمارەیە 138 ملیۆنیان کاردەکەن کە بەڕێژەی 8%ـی منداڵانی جیهان دەکات، لەنێویاندا 59 ملیۆنیان لە ڕەگەزی مێیە و 78 ملیۆنیان لە ڕەگەزی نێرە.

کارکردنی سەخت و مەترسیدار

لەو 138 ملیۆن منداڵەی کاردەکەن 54 ملیۆنیان کاری زۆر سەخت دەکەن، کە مەترسیی لەسەر تەندروستییان، گەشەکردنیان و پەروەردەیان هەیە.

بەراوردکاری لەگەڵ ساڵی 2000

ژمارەی ئەو منداڵانەی کاردەکەن لە جیهاندا کەمیکردووە بەراورد بە ساڵی 2000، چونکە داتاکانی ئەوکات پێمان دەڵێن، کە 246 ملیۆن منداڵ کارییان کردووە و لەو ژمارەیە 171 ملیۆنیان کاری زۆر مەترسیداریان ئەنجامداوە.

چوارچێوەی یاسایی کارکردنی منداڵان

یاساکانی کارکردنی منداڵان لە کیشوەرێک بۆ کیشوەرێک و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێک دەگۆڕێت، بەگشتی بە یاسا کارکردنی منداڵ بەتەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەپێچەوانەوە لە زۆر وڵات بەشێوەیەکی تەندروست و ئارەزوومەندانە و لەژێر چاودێریی و ڕەزامەندی دایک و باوک ڕێگەی پێدەدرێت کار بکات و ئەزموونی پیشەیی بەدەستبهێنێت تاوەکو تاقیبکاتەوە لە چیدا لێهاتووی هەیە و داهاتوویەکی پیشەیی بۆخۆیی بونیاد بنێت، تەنانەت هاندەدرێت تەنیا پشت بە کەرتی حکومی و گشتی نەبەستێت بەڵکو جێگەدەستی دیاربێت لەکاروبارە پیشەییەیی بونیادنەرەکاندا.

پیشە ڕێگەپێدراو و بێمەترسییەکان

هەروەها یارمەتیدەدرێت تاوەکو ئەو ڕۆژەی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن تەواودەکات ئەزموون لە چەندکارێکدا بەدەستبهێنێت، کە لە داهاتوودا پشتییان پێببەستێت، بەڵام ئەمکارانەش بە یاسا ڕێکخراون و کۆمەڵە پیشەیەکی دیاریکراون کە بەگشتی هیچ مەترسییەک ناخاتە سەر تەندروستی، گەشە و پەروەردەییان لەوانە (فرۆشتنی ڕۆژنامە، پاککردنەوە، شاگردی چێشتخانە، فرۆشگا و بەشێک لە کێڵگە ڕووەکی و کشتوکاڵییەکان).

کارە هونەریەکان و خولیاکان

هەروەها بەگشتی منداڵان و مێردمنداڵان دەتوانن لەتەمەنێکی کەمەوە بەشێوەیەکی سنووردار کاری مۆدێلی، شانۆیی، نواندن، ژەنینی میوزیک و کاری هونەری و سەرجەم ئەوکارانەی پەیوەندی بە خولیا و بەهرەمەندییەوە هەیە ئەنجامبدەن.

لەپێشینەیی مافی خوێندن

لەگەڵ ئەوەشدا لەسەرجەم وڵاتانی جیهان بە پلەی یەکەم جەخت لەوە دەکرێت کە منداڵ دەبێت بخوێنێت و بێبەشنەبێت لەچوونی بۆ قوتابخانە، تەنانەت سەرجەم کارە ڕێگەپێدراوەکان دەبێت بەجۆرێک بێت ڕێگر نەبێت لە خوێندنی منداڵەکە.

سیستمی کارکردنی منداڵ لە ئەوروپا

لە وڵاتانی ئەوروپادا بەگشتی منداڵ لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوە دەبێت تەنیا سەرقاڵی خوێندن و چالاکییە پەروەردەیی و یاریکردن و کات بەسەربردن بن، لەپاش تەمەنی 15 ساڵی ڕێگەی کارکردنیان پێدەدرێت و دەکەونە ژێر ڕێنماییەکانی کرێکاری هەرزەکارانی یەکێتی ئەورووپا بەجۆرێک، کەلە خوێندنگەکانەوە ڕێکخراوە و وەک بەدەستهێنانی ئەزموون لەکۆتایی ساڵی خوێندندا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێگە بە چەند کارێکی سنووردار دراوە کە بەگوێرەی توانایی و خولیا و تەمەنی منداڵەکە دیاریدەکرێت.

یاسا فیدراڵییەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی منداڵ

لە ئەمریکا منداڵ دەتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی کار بکات بە پابەندبوون بە یاسا فیدراڵییەکان، کە لە چوارچێوەی یاسا ستانداردە دادپەروەرەکانی کار (FLSA) دامەزراوە، کە ئەویش دامەزراندن ڕێکدەخات لەسەر بنەمای تەمەن، سەلامەتی کار و خشتەی قوتابخانە، بەجۆرێک ئەو منداڵەی لەماوەی خوێندندایە و تەمەنی سەروو 15 ساڵە دەبێت لە ڕۆژێکدا تەنیا 3 کاتژمێر کاربکات، ڕێگەش نادرێت منداڵ کارە مەترسیدارەکان لە کانەکان، کارەکانی کۆنکرێت و بیناسازیی، کارگەکان کە ئامێری بڕینیان تێدایە.

دۆخی منداڵانی کارکەر لە ئاسیا

منداڵانی وڵاتانی ئاسیا جیاوازن، کەمتر پابەندن بە ڕێسا و ڕێنماییەکان، چونکە ئەو وڵاتانە ژمارەی هەژارەکانیان زۆرن و پشت بە بەرهەمە کشتوکاڵی و پیشەسازییەکان دەبەستن، بەگوێرەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO) و یونیسێف لە ئاسیادا ملیۆنان منداڵ دەخرێنە ناو هێزی کارەوە، چونکە خێزانەکانیان پشت بە داهاتەکانیان دەبەستن بۆ ئەوەی بژین.

هۆکاری ڕاکێشانی منداڵان لەلایەن خاوەنکارەکانەوە

هەروەها خاوەنکارەکان بەدوای کاری منداڵاندا دەگەڕێن چونکە منداڵان بە پارەیەکی کەمتر و ملکەچتر لە کرێکارانی گەورەساڵان کاردەکەن.

کارکردنی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، منداڵان یان بە شێوەیەکی یاسایی لە ژێر مۆڵەتی کارکردنی هەرزەکاراندا کاردەکەن، لەخراپترین دۆخیشدا لە چەکداریی و گرووپە ملیشیاکان و پرسە ئاینیی و کۆمەڵاتییەکاندا بەکاردەهێنرێن.

مەرجەکانی کارکردنی مێردمنداڵان

بەگشتی بەگوێرەی یاسا ڕێکخراوەکان مێردمنداڵ لە تەمەنی 15 ساڵەوە بەشێوەی ڕیکخراو و سنووردار ڕێگەی کارکردنی پێدەدرێت، بەجۆرێک لەچوارچێوەی مۆڵەتە تەندروستی و پەروەردەیی و پیشەییەکاندا بێت و چەند کارێکی ئاسان و دیاریکراو بە چاودێریی و ڕەزامەندی خێزانەکانیان ئەنجامبدەن.

کاریگەریی ئاوارەیی و کاری سەختی منداڵان

بەڵام زۆرجار ئەو منداڵانەی خێزانەکانیان ئاوارەبوون کاری سەخت ئەنجامدەدەن چونکە دایک و باوکییان ناتوانن وەک پێویست لەوڵاتێکی دیکەدا بەبێ مۆڵەت کاربکەن.