بەندەری عەقەبە دەبێتە جێگرەوەی بەندەرەکانی باشوور بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خۆراک بۆ عێراق؛ باری نوێی برنج بەڕێوەیە

دیمەنێک لە بەندەری عەقەبەی ئوردن
دیمەنێک لە بەندەری عەقەبەی ئوردن

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند کە پڕۆسەی دابینکردنی ماددە خۆراکییەکان بۆ سەبەتەی خۆراک بەردەوامیی هەیە و لە نوێترین هەنگاویشدا بڕێکی زۆر لە برنجی ئەمریکی گەیشتووەتە ئوردن، هاوکات ئاشکرای دەکات کە بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە، عێراق بەندەری عەقەبەی وەک ڕێگەیەکی ستراتیژیی جێگرەوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستییەکانی بەکارهێناوە.

گەیشتنی بارێکی نوێی برنج بۆ عێراق

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، کەشتییەک بە 44,000 تۆن برنجی ئەمریکییەوە گەیشتووەتە بەندەری عەقەبەی ئوردن و بەم نزیکانە داخڵ بە خاکی عێراق دەبێت.

پلانی وەزارەت بۆ گەرەنتییکردنی ئاسایشی خۆراک

لوما هاشم مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک ئاشکرایکردووە "پڕۆسەی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەبەتەی خۆراک و چاودێریی کۆمەڵایەتی بەگوێرەی پلانی بەبازاڕکردنی ساڵی 2026 بەردەوامە و دەشڵێت، کار دەکەین بۆ گەرەنتییکردنی گەیشتنی ماددە خۆراکییەکان بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەبێ دواکەوتن، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ئاسایشی خۆراک."

جموجۆڵی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە بەندەری عەقەبە

هاوکات مەحموود خەلیفات، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەڕێوەبردن و بەکارخستنی بەندەرەکانی عەقەبە، دەڵێت "پێنج کەشتیی دیکە کە جۆرەها کاڵا و ماددەی خۆراکیان (وەک برنج، گەنمەشامی، شەکر، ئاسن و دار) بۆ عێراق هەڵگرتووە، لە بەندەرەکە لەنگەریان گرتووە، ئەم کاڵایانە بە سیستەمی ترانزێت بەرەو بازاڕەکانی عێراق دەگوازرێنەوە."

کاریگەریی داخستنی گەرووی هوورمز لەسەر هاوردەکردن

خەلیفات ئاماژەی بەوەش کردووە "عێراق ماوەی 2 مانگە بەهۆی داخستنی گەرووی هوورمزەوە، پەنای بردووەتە بەر بەندەری عەقەبە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆسەکانی هاوردەکردن و جێگرەوەی بەندەرەکانی باشووری عێراق و تاوەکو ئێستاش 100,000 تۆن ڕۆنی ڕووەکی لە بەندەرکەوە گواستراوەتەوە عێراق، و لە ئێستاشدا دوو کەشتیی دیکە بە 65,000 تۆنەوە چاوەڕوانی بەتاڵکردنی بارەکانیان دەکەن."