ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: کازاخستان ئامادەیە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران وەربگرێت

بەشی ناوەوەی یەکێک لە وێستگە ئەتۆمىیەکانی ئێران
بەشی ناوەوەی یەکێک لە وێستگە ئەتۆمىیەکانی ئێران

ڕافایێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئاشکرای دەکات کە کازاخستان ئامادەیی نیشانداوە بۆ وەرگرتن و پاراستنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان تاران و واشنتندا. ئەم پێشنیارە لە کاتێکدایە کە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بە ئاستی 60%، یەکێکە لە ئاڵۆزترین هێڵە سوورەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئامادەیی ئاستانە بۆ وەرگرتنی یۆرانیۆمەکەی ئێران

رافایێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئامادەیی حکومەتی کازاخستانی بۆ وەرگرتن و پاراستنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی تاران ڕاگەیاند.

مەرجی گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ کازاخستان

گرۆسی لە دوایین لێدوانیدا دەڵێت، "ئەگەر ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی، ئەوا بژاردەی گواستنەوەی یۆرانیۆمەکە بۆ کازاخستان، بژاردەیەکی گونجاو دەبێت و دەشڵێت، سەرۆکی کازاخستان لە کۆبوونەوەی ئاستانە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ئەو هەنگاوە دەربڕیوە".

هۆکاری هەڵبژاردنی کازاخستان

لەبارەی هۆکاری ناردنی یۆرانیۆمەکە بۆ ئەو وڵاتە سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، "ئاژانسەکە بانکی یۆرانیۆمی پیتێنراوی لە کازاخستان هەیە و بەوەش ئەو وڵاتە دەتوانێت لەژێر چاودێریی ئاژانسی وزەی ئەتۆم یۆرانیۆمەکەی تاران بپارێزێت".

کێشەی هێڵە سوورەکانی تاران و واشنتن

یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران لە دیارترین خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان تاران و واشنتنە، تاران بردنە دەرەوەی یۆرانیۆمەکە بە هێڵی سوور دەزانێت و ئەمریکاش داوا دەکات بگوازرێتەوە ئەمریکا و هیچ بڕێکی لەو وڵاتە نەمێنێت.

لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئێران لەسەر شوێنی یۆرانیۆمەکە

پێشتریش عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندبوو، "یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی وڵاتەکەی لەژێر دار و پەردووی بینا ڕووخاوەکانیاندایە."

ئامارەکانی ئاژانس لەسەر توانای ئەتۆمیی ئێران

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ئێران خاوەنی ڕێژەی 60%ـی یۆرانیۆمی پیتێنراوە و ئەوەش بەسە بۆ دروستکردنی 10 چەکی ئەتۆمی، دەشتوانرێت لەماوەی چەند هەفتەیەکدا تاوەکو 90% بپیتێنرێت.