منداڵپارێزی کوردستان 35 ساڵە خزمەت بە منداڵان دەکات؛ "بژێوى 12 هەزار منداڵ دابین دەکات"
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، وەک یەکێک لە دامەزراوە مرۆییە پێشەنگەکان، لە ڕێگەی سێ پڕۆژەی ستراتیژییەوە بەردەوامە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، کە تیایدا هەزاران منداڵ لە بوارەکانی بژێوی، تەندروستی و پەروەردە سوودمەند بوون.
خزمەتگوزارییەکان و ئامارە نوێیەکان
ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان زیاتر لە 35 ساڵە کار بۆ منداڵان دەکات و بە سێ پرۆژەی سەرەکی خزمەتیان دەکات و نوعمان عەبدولڕەحمان عەلی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا لەڕێگەی "پرۆژەی گرتنەخۆوە" توانیویەتی بژێوی 12,000 منداڵ دابینبکات، لەو ژمارەیە 780 منداڵییان لە 2026دا سوودمەندبوون.
زیاتر لە 30 هەزار منداڵ لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی سوودمەندبوون
ئەو ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبردن لە ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان گوتیشی "لە پرۆژەی دروستکردنی داهاتیشدا 4,428 منداڵ و لە پرۆژەی تەندروستیشدا تاوەکو ئێستا 30,825 منداڵ سوودمەندبوون".
پڕۆژەی گرتنەخۆ و سپۆنسەری
پرۆژەی گرتنەخۆ، تایبەتە بە خێزانە کەمدەرامەتەکان و لەلایەن هاونیشتمانییان و خێرخوازانەوە سپۆنسەر دەکرێت، بەجۆرێک تێجووی ژیان و خوێندنی منداڵەکە تاوەکو تەمەنی 16 ساڵی لە ئەستۆ دەگیرێت.
دابینکردنی داهات بۆ خێزانەکان
لە پرۆژەی داهاتیشدا ڕێکخراوەکە سەرچاوەی بژێویی بۆ ئەو خێزانانە دابیندەکات کە بەهۆی لەدەستدانی دایک یان باوک یان هیچ داهاتێکییان نییە.
هاوکارییە تەندروستییەکان
هەرچی پرۆژەی تەندروستیشە تایبەتە بەو منداڵانەی پێویستییان بە چارەسەری تەندروستی هەیە لە دەرەوەی وڵات یان لە ناوخۆی وڵاتن و دەرامەتییان نییە.
مێژووی دامەزراندن و بوارەکانی کارکردن
ڕێکخراویی منداڵپارێزی کوردستان لە ساڵی 1991ـەوە لەسەردەستی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ژنە تێکۆشەر و سیاسەتمەدار دامەزراوە جگە لە پرۆژەسەرەکییەکان خزمەتگوزاریی پێشکەش بە منداڵانی بێسەرپەرشت، نەخۆشخانەکان و ڕووداو و کارەساتە سروشتییەکان دەکات.
01/06/2026