سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق: زیاتر لە 900 هەزار منداڵ لە عێراق کاردەکەن

منداڵێکی عێراقی لە یەکێک لە شەقامەکاندا ئاو و ساردەمەنی دەفرۆشێت
منداڵێکی عێراقی لە یەکێک لە شەقامەکاندا ئاو و ساردەمەنی دەفرۆشێت

ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق نوێترین ئامار و داتاکانی سەبارەت بە ڕەوشی منداڵان بڵاودەکاتەوە و هۆشداری دەدات لە زیادبوونی دیاردەی کارپێکردنی منداڵان، کە زیاتر لە 900 هەزار منداڵ دەگرێتەوە و بەشێکیان لە کارە هەرە مەترسیدارەکاندا جێگیرکراون، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر داهاتووی وڵات و پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤ وەسف دەکرێت.

ئاماری گشتیی منداڵان لە عێراق

لە عێراق 16,555,000 منداڵ هەن کە تەمەنیان لەنێوان 0 بۆ 14 ساڵدایە، بەگوتەی سەرۆکی ناوەندی ستراتیجیی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، کارپێکردنی بەشێکیان بە مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر داهاتووی عێراق ناودەبات.

ڕێژەی کارپێکردنی منداڵان و جۆری کارەکان

فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، لەنێوان 900,000 بۆ سەروو 1,000,000 منداڵ لە عێراق کاریان پێدەکرێت کە تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 17 ساڵیدایە، لەو ژمارەیەش، 7.3%ـیان کاری زۆر سەخت ئەنجامدەدەن لە شەقام و بازاڕ و وەرشە و پیشە مەترسیدارەکان.

ئاڵنگارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان

سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق گوتیشی، کارپێکردنی منداڵان هێشتا ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و ئابووری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و هەڕەشەیە بۆسەر داهاتووی وڵات.

دابەشبوونی منداڵان لەنێوان کار و خوێندن

فازڵ غەڕاوی ڕوونیشیکردەوە: "لەکۆی گشتیی زیاتر لە 16 ملیۆن منداڵ کە زیاتر لە 900 هەزاریان کاردەکەن 4.8%ـیان تەمەنیان لەنێوان 5 بۆ 14 ساڵە و لەبەر کارکردن بێبەشن لە خوێندن، لە بەرامبەردا 4.2%ـیان هەم کاردەکەن هەم دەخوێنن، بەگشتیش 78.4%ـیان قوتابین و کارناکەن".

ڕەوشی منداڵانی پەنابەر لە بازاڕەکاندا

سەرۆکی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو منداڵانەش کە لە وڵاتانی دیکەوە لە عێراق پەنابەرن، بەگشتی کاری سەخت دەکەن، لەسەر شەقام و بازاڕن یان دەرۆزەکارن یاخود کاری پیشەیی زۆر سەخت ئەنجامدەدەن".

مەترسیی تێوەگلان لە گروپە تاوانکارییەکان

غەڕاوی نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان کارکردنی منداڵ و تێوەگلان لە گرووپە تاوانکارییەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەیە، هەندێک تۆڕی تاوانکاری منداڵان بۆ کاری زۆرەملێ و سواڵکردنی زۆرەملێ و ئیستغلالکردنی ئابووری دەقۆزنەوە.