منداڵپارێزی کوردستان: کارکردن بە منداڵان زیادی کردووە و 780 منداڵ لە خوار هێڵی هەژارییەوەن

ژمارەیەک منداڵ لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە شەقامەکاندا
ژمارەیەک منداڵ لە کاتی کارکردن لە یەکێک لە شەقامەکاندا

ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان ئاماری نوێی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی منداڵانی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە دیاردەی کارکردنی منداڵان لەسەر شەقامەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، هاوكات ئاماژەی بەوە دا کە سەدان منداڵی خوار هێڵی هەژاری لە هاوکارییە داراییەکانیان سوودمەند دەبن، لە کاتێکدا لایەنە فەرمییە حکومییەکان لە ساڵی 2010ـەوە هیچ ئامارێکی نوێیان لەمبارەیەوە نییە.

زیادبوونی ڕێژەی منداڵانی ئیشکەر

ڕێکخراوى منداڵپارێزى کوردستان ئاشکراى کرد 780 منداڵ لە خوار هێڵى هەژارى تۆمارکراون و کارکردنیش بە منداڵان زیادیکردووە.

هەزار و 13 منداڵ لەسەر شەقامەکان کار دەکەن

نوعمان عەبدولرەحمان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکان لە ساڵی 2025دا لە سلێمانى و دهۆک هەزار و 13 منداڵ تۆمارکراون کە لەسەر شەقامەکان کاریان پێکراوە، بەراورد بە ساڵی 2024 زیادیکردووە ئەوکات تەنیا 818 منداڵ بوون.

وردەکاری و ڕەگەزی منداڵانی سەر شەقامەکان

لەو 1,013 منداڵە، 578 یان لە سلێمانی، 448 یان لە دهۆک بوون، 226 یان کچ و ئەوانى دیکە کوڕ بوون، 598 یان خەڵکى هەرێمى کوردستان و ئەوانى دیکەش ئاوارە و پەنابەرن.

هۆکاری نەبوونی ئامارەکانی پارێزگای هەولێر

لەبارەى ئەوەى بۆچى ئامارى هەولێرتان نییە، نوعمان عەبدولرەحمان گوتی "نەمانتوانیوە ئامارەکان بە دروستی دەسبخەین چونکە لە سلێمانی و دهۆک لیژنەکانی قایمقامییەت هاوکارمانن، بەڵام لە هەولێر وانییە".

تەمەنی سوودمەندبووان و تێچووی دارایی مانگانە

نوعمان عەبدولرەحمان دەڵێت لە سەرانسەرى هەرێمی کوردستان 780 لە هاوکارییەکانیان سوودمەند دەبن کە وەک منداڵى خوار هێڵى هەژارى تۆمارکراون و تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوەیە و مانگانە نزیکەی 106 ملیۆن دیناریان بۆ خەرج دەکەن.

هەڵوێستی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی

کەناڵ8 لەبارەى ئامارى کارکردن و ڕێژەى هەژارى لەناو منداڵاندا پەیوەندى بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە کرد، بەڵام ئەوان باسیان لەوەکرد لە دوای ساڵی 2010ـەوە هیچ ئامارێکی کارکردن بە منداڵان تۆمارنەکراوە.