لەیلا عومەر: دەتوانین لەسەر داهاتی شارەوانیی سلێمانی پڕۆژە بکەین بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕێگریمان لێدەکرێت

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى
لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى گوتی، لە کۆی 21 ملیاری دیناری پەرەپێدان تەنیا سێ ملیار دینار بۆ سلێمانی خەرجکرا و گوتیشی، لەسەر داهاتی شارەوانی دەتوانن پڕۆژە بکەن، بەڵام لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕێگرییان لێدەکرێت. باسی ئەوەشیکرد، چاکسازى و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى بەردەوامە و سایدێک بۆ شەقامى عەربەت-سلێمانى زیاد دەکەن و ژمارەیەک یەکتربڕ و ئەندەرپاسیش لە جێبەجێکردندان و گوتیشی، پرۆسەى دابەشکردنى زەوى وەک پێویست بەڕێوەناچێت.

لە 21 ملیار دینار تەنیا 3 ملیار دینار بە سلێمانی دراوە

لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەشێكی زۆری پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بەهۆی نەبوونی بودجە ڕاگیراون و لە کۆی 21 ملیاری دیناری پەرەپێدانی هەرێمەکان تەنیا سێ ملیار دیناریان بۆ خەرجکرا.

ئەنجوومەنی وەزیران ڕێگری لە پرۆژەکان دەکات

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی گوتیشی "ئێمە لەسەر داهاتی شارەوانی دەتوانین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بکەین، بەڵام بەهۆی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ڕێگریمان لێدەکرێت و ئەوەی ئێستا دەیکەین تەنیا چاکسازی شەقامەکانە".

چاکسازى و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى بەردەوامە

لەیلا عومەر، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، ڕاگرتنى پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە کاریگەریى نەرێنى لەسەر پرۆژەکان دروستکردووە و داوایکردووە ئەو فەرمانگانەى خزمەتگوزارین بڕیارەکە نەیانگرێتەوە چونکە ناتوانرێت هیچ تەندەر و پرۆژە ڕابگەیەنن و گوتیشى "لە ماوەى ڕابردوودا لەسەر بڕیارى قوباد تاڵەبانى پرۆژەى چاکسازى و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانى سلێمانى دەستیپێکردووە و چوار قۆناغى کراوە و بۆ قۆناغى پێنجەمیش چاوەڕێى ڕەزامەندین".

ژمارەیەک یەکتربڕ و ئەندەرپاس لە جێبەجێکردندان

لە بارەى ئەو یەکتربڕ و ئەندەرپاسانەى کە بڕیارە لە سلێمانى جێبەجێبکرێن لەیلا عومەر گوتى "ڕێکارەکانى جێبەجێکردنى ژمارەیەک یەکتربڕ و ئەندەرپاس دەستیپێکردووە و بەشێکیان قۆناغى باشیان بڕیووە و لە ئایندەیەکى نزیکدا دەچنەبوارى جێبەجێکردنەوە".

سایدێک بۆ شەقامى عەربەت-سلێمانى زیاد دەکرێت

سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەى بەوەشکرد، لە چوارچێوەى نۆژەن و فراوانکردنى شەقامەکان، سایدێک بۆ شەقامى عەربەت-سلێمانى زیاد دەکەن و لەسەر پرۆژەى تەرخانکردنى زەوى بۆ پرۆژەکان جێبەجێ دەکرێت.

پرۆسەى دابەشکردنى زەوى وەک پێویست بەڕێوەناچێت

لە بارەى دابەشکردنى زەویشەوە، سەرۆکى شارەوانیى سلێمانى گوتى "پێشتر زیاتر لە 23 هەزار پارچە زەوییان لە سنوورى سەرۆکایەتیى شارەوانى دابەشکردووە و لە چەند ڕۆژى ڕابردووشدا کاریان لەسەر سێ پێگە کردووە".

دابەشکردنی زەوی بە ئەلیکترۆنی

لەیلا عومەر ئاماژەى بەوەشکرد، دواى تەواوکردنى ڕێکارەکان، ڕەوانەى بەڕێوەبەرایەتیى نەخشەدانانى ئاوەدانى کراوە و دواى گەڕانەوەى ڕەزامەندى ئەوان دەتوانن پرۆسەى دابەشکردنى زەوى بە بۆ بەشێکى دیکە لە فەرمانبەران بە ئەلیکترۆنى بکەن".

کێشەی کەمیی فەرمانبەر و بودجە

جەختى لەوەشکردەوە، پرۆسەى دابەشکردنى زەوى بەردەوامە، بەڵام بەهۆى نەبوونى فەرمانبەر و بودجەى پێویستەوە پرۆسەى دابەشکردنى زەوى وەک پێویست بەڕێوەناچێت.