سەمیر هەورامی: بەبێ یەکێتی و پارتی حکومەت پێکنایەت و یەکێتی و نەوەی نوێ پێکەوە بەشداریی حکومەت دەکەن

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی

گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ هاوپەیمانن و پێکەوە بەشداری لە حکومەتی داهاتوودا دەکەن، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەبێ یەکێتی و پارتی سەر ناگرێت و ئەوان کێشەیان لەسەر چۆنێتی حوکمڕانی هەیە نەک وەرگرتنی پۆستەکان.

هاوپەیمانێتی نوێ بۆ بەشداریکردن لە حکومەت

سەمیر هەورامی، گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە کەناڵ 8ـی ڕاگەیاند، یەکێتی لەگەڵ نەوەی نوێ هاوپەیمانە و پێکەوە بەشداری لە حکومەت دەکەن و هیچ مەرجێکیش بۆ بەشداری لە حکومەت قبوڵ ناکەن.

تێڕوانینی یەکێتی بۆ پۆستەکان و شێوازی حوکمڕانی

سەمیر هەورامی گوتیشى "ئێمە کێشەمان لەسەر چۆنێتی حوکمڕانی هەبووە نەک وەرگرتنی پۆست و تەنانەت ڕازیبووین پۆستی سەرۆکی هەرێمى کوردستان و حکومەت لای پارتی بێت ".

پێویستیی هێشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە هەرێم

سەمیر هەورامی ئاماژەى بەوەشکرد لە هەرێمی کوردستان حوکمڕانی بەبێ یەکێتی و پارتى ناکرێت، گوتیشى "دەمانەوێت هاوسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان هەبێت تاوەکو بتوانین حوکمڕانییەکی تەندروست و لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵک بکەین".