ئۆپراسیۆن بۆ سەر شارەوانییەکانی جەهەپە بەردەوامن
لە ئۆپراسیۆنێکدا بۆ سەر شارەوانیی شارۆچکەی بووجا سەربە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)، 53 کەس دەستگیرکران کە سەرۆکی ئێستا و پێشووی شارەوانییەکەیان تێدایە.
هەڵکوتانە سەر شارەوانی بووجا لە ئیزمیر
ئۆپراسیۆنەکان بە تۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل بۆ سەر ئەو شارەوانییانەی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) لە دوایین هەڵبژاردنی خۆجێییدا بەدەستیهێناون بەردەوامن و ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی داواکاری گشتیی هەڵیانکوتایە سەر شارەوانیی شارۆچکەی بووجا لە ئیزمیر.
بڕیاری دەستبەسەرکردنی 62 کەس
بەگوێرەی ئەو ڕاگەیێنراوەی لەلایەن داواکاری گشتیی ئزمیرەوە بڵاوکراوەتەوە، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەلایەن داواکاری گشتییەوە بەڕێوەدەچێت، بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 62 تۆمەتبار دەرکراوە.
تا ئیستا 53 لە گومانلێکراوەکان دەستگیر کراون
لە ئۆپراسیۆنێکدا 53 لە گومانلێکراوەکان دەستگیرکراون کە گۆرکەم دوومان، سەرۆکی شارەوانیی بووجا، ئەرهان کڵچ، سەرۆکی پێشووی شارەوانییەکە و بریکارانی سەرۆک و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی شارەوانیی بووجا لەنێویاندایە.
ئاژانسی فەرمیی تورکیا دەڵێت، هەوڵەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکە لەچوارچێوەی دۆسییەکەدا درێژەیان هەیە.
01/06/2026