نزار ئامێدی: عێراق پابەندە بە پاراستنی کۆنتڕۆڵی ئاسایشی خۆی

کەناڵ8 02/06/2026
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق و جوشوا هاریس، لێپرسراوی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
کۆبوونەوەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق و جوشوا هاریس، لێپرسراوی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق

پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و پاراستنی سەروەری، تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەی سەرۆککۆمار و لێپرسراوی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو لە بەغداد.

برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان

نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە شاری بەغداد پێشوازی لە جوشوا هاریس، لێپرسراوی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاوازەکاندا کرد و جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانیان کردەوە.

ڕێککەوتنی ستراتیژی و وەبەرهێنان

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان پەیوەست بوو بە فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات. هەروەها جەخت لە پاڵپشتیکردنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و وەبەرهێنان کرایەوە بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەل بپارێزێت و هاوکار بێت لە بووژانەوەی ئابووری.

پاراستنی سەروەری و ئاسایشی نیشتمانی

لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە عێراق پابەندە بە پاراستنی کۆنترۆڵی ئاسایشی ناوخۆیی خۆی. ئاماژە بەوەش درا کە عێراق پەیڕەوی سیاسەتی پەیوەندی کراوە لەگەڵ هەموو وڵاتان دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل و ڕێزگرتن لە سەروەری وڵات و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی.

دیپلۆماسی و سەقامگیری ناوچەکە

نزار ئامێدی جەختی لە گرنگی هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش لە ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییەکان. سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە دیالۆگ و ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بکرێنە بنەما بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و پرسە هەڵپەسێردراوەکان، تاوەکو ئاشتی و ئاسایشی گشتی لە ناوچەکەدا بەدی بێت.

پشتگیرییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

لەلایەن خۆیەوە، جوشوا هاریس پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری عێراق دەربڕی. لێپرسراوی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا جەختی لە پەرۆشی واشنتن کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد لە بوارە جیاوازەکاندا. هەروەها ستایشی ڕۆڵی عێراقی کرد لە نزیککردنەوەی دیدگای وڵاتانی ناوچەکە و پشتگیریکردنی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان.

کەناڵ8

02/06/2026