گرنگیی پشکنینی بۆماوەیی پێش دووگیانبوون
دووگیانبوون پرۆسەیەکی گرنگە و پێویستە بە پلان ئامادەکاری بۆ بکرێت، ئامادەکارییەکانیش بریتیین لە سەردانیکردنی پزیشكی پسپۆڕ و ئەنجامدانی چەند پشکنینێک، پشکنینی بۆماوەیی بەیەکێک لە پشکنینە گرنگەکانی پێش دووگیانبوون دادەنرێت.
گرنگیی سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ پێش دووگیانبوون

پێش ئەوەی دایک و باوکەکە بڕیار بدەن منداڵ بخەنەوە، دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن، تاوەکو پزیشک ئاگاداری شێوازی ژیانکردن، بۆماوەیی خێزانی و پێشینەی هەر جۆرە نەخۆشییەک بێت ئەگەر لە پیاو و خانمەکەدا هەبێت. زانینی وردەکاریی تەواو لەسەر باردودۆخی تەندروستیی پیاو و خانمەکە یارمەتیدەرە تاوەکو بزانرێت ئایا کاتی دووگیانبوونی خانمەکە دروستە یان نا.
گرنگیی پشکنینی بۆماوەیی

پێش ئەوەی خانمان دووگیان ببن واباشترە پشکنین بکەن بۆ ئەو نەخۆشییانەی کە بە بۆماوەیی دەگوازرێنەوە، چونکە ئەگەر هەیە دایک یان باوک هەڵگری نەخۆشییەکی بۆماوەیی بن، کاتێک یەکێک لە ئەندامانی خێزانی خانمەکە نەخۆشییەکی هەیە و بە بۆماوەیی دەگوازرێتەوە، وەک نەخۆشییەکانی کەمخوێنی و چەند نەخۆشییەکی دیکە، بەنزیکەیی منداڵەکە ئەگەری %25ـی هەیە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە بۆماوەییانە، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بەو بوارە بکرێت تاوەکو پزیشکە پسپۆڕەکە یارمەتیی دایک و باوکەکە بدات چی بکەن و چی نەکەن پێش دووگیانبوونی خانمەکە.
02/06/2026