بێلسا: هیچ کێشەیەکم لەگەڵ سوارێز نییە
مارسێلۆ بێلسای ئەرجەنتینی و ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، جەختی لەوەکردەوە لویس سوارێزی تەمەن 39 ساڵ هیچ داوای لێبوردنێک قەرزاری ئەو نییە، ئەوەش لەکاتێکدایە ڕاهێنەرەکە بڕیاریدا سوارێز بانگێشتی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیالی 2026 نەکات.
سوارێز، کەگۆڵکاری مێژوویی ئۆرۆگوایە و پێشتر لە مانگی ئەیلولی 2024 وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاندبوو، بەمدواییانە ئاماژەی بەوە دابوو کە ئامادەیە بۆ گەڕانەوە، بێلسا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە نەبوونی سوارێز لە لیستەکەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بژاردەی دیکەی هێرشبەری لەپێشتر بووە، لەوانەش داروین نونێز هێرشبەری پێشووی لیڤەرپوڵ و یاریزانی ئێستای یانەی هیلالی سعودی.
بێلسا لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوارێز گوتی: "سوارێز گوتی ئامادەیە بۆ گەڕانەوە تاوەکو یارمەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی بدات، منیش هەمیشە وەک کەسێکی ڕاستگۆ و دڵسۆز تەماشای دەکەم، لە ڕاستیدا هیچ ناکۆکییەکم لەگەڵیدا نییە."
ڕاهێنەرە ئەرجەنتینییەکە سەبارەت بە پرسی داوای لێبوردنی سوارێز گوتی: "ئەو هیچ قەرزاری من نییە، بڕیارەکەم بۆ هەڵبژاردنی یاریزانانی دیکە تەنیا لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە چی بۆ هەڵبژاردەکە بە باش دەزانم".
02/06/2026