بۆ بازرگانان و کۆمپانیاکان؛ ژووری بازرگانی سلێمانی بڕیاری لێخۆشبوونی لە قەرزە کەڵەکەبووەکان ڕاگەیاند

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و خاوەن کۆمپانیاکان دەکات و بڕیاری لێخۆشبوونی بۆ قەرزە کەڵەکەبووەکانی چەند ساڵی ڕابردوو دەرکرد.

وردەکاریی بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزەکان

نەوزاد غەفوور، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاردراوە بە لێخۆشبوون لە قەرزی کەڵەکەبووی ئەو ئەندامانەی ژووری بازرگانی کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە قەرزارن. بەپێی بڕیارەکە، ئەو ئەندامانەی تەنیا قەرزی ساڵی 2025ـیان لەسەرە، لێخۆشبوونەکە دەیانگرێتەوە و تەنیا ڕسووماتی پێناسی ساڵی 2026 دەدەن. هەروەها ئەو کەسانەی بۆ چەند ساڵێک قەرزارن، تەنیا ڕسووماتی ساڵانی 2025 و 2026ـیان لێوەردەگیرێت.

ئەو سێکتەرانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە

ئەم هەنگاوەی ژووری بازرگانی سەرجەم پێناسەکانی بواری پیشەسازی، بازرگانان و کۆمپانیاکان دەگرێتەوە. سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە ئێستادا پێناسی نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی ناگرێتەوە، چونکە بڕیار وایە لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارێکی تایبەت و جیاواز بۆ ئەو سێکتەرە دەربکرێت.

کات و مەرجەکانی سوودمەندبوون لە لێخۆشبوونەکە

پڕۆسەی لێخۆشبوون لە قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیا و بازرگانان لە ڕێکەوتی 1ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو 30ـی تشرینی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت. ئەگەر بازرگانان لەو ماوەیەدا پێناسەکانیان نوێ نەکەنەوە، ئەوا لە دوای ئەو وادەیە هەرکەسێک بیەوێت پێناسی ژووری بازرگانی نوێ بکاتەوە، دەبێت سەرجەم قەرزە کەڵەکەبووەکان و ڕسووماتی هەموو ساڵەکان بەتەواوی بدات.

سزای نوێنەکردنەوەی پێناسی ژووری بازرگانی

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکانی ژووری بازرگانی، هەر ئەندامێک بۆ ماوەی 4 ساڵ پێناسەکەی نوێ نەکاتەوە، ئەوا پێناسەکەی بە شێوەیەکی کۆتایی هەڵدەوەشێندرێتەوە. لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەدا، ئەگەر خاوەنەکەی بیەوێت دووبارە پێناسەکە دەربکاتەوە، ناچار دەبێت سەرجەم باج، ڕسوومات و قەرزی ساڵانی ڕابردوو بەبێ لێخۆشبوون بدات. هەر بۆیە ژووری بازرگانی داوا لە ئەندامانی دەکات سوود لەم دەرفەتە وەربگرن بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکانیان.