ناوەندە گەورەکان لە یەکەم خولی پێشانگەی کتێبی کوردی بەشدارن
لە دەستپێشخەرییەکی نوێدا، لە شاری هەولێر، یەکەم خولی پێشانگەی کتێبی کوردی ڕێکدەخرێت و زۆربەی نووسەر و ڕەخنەگرانی ئەدەب پێشوازیی لێ دەکەن.
لە هەولێر دەستپێدەکات
بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری کتێبخانەی کوردی و چاپ و بڵاوکراوەکان، ڕێکەوتی چوار بۆ 10ی حوزەیران، یەکەم خولی پێشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر دەستپێدەکات.
"لە گرنگترین چالاکییەکانی ساڵ دەبێت"
لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمی پێشانگەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، "بۆ یەکەمجارە لە ئاستی چالاکییە ڕۆشنبیرییە کوردییەکاندا، پەیوەست بە کتێبی کوردی، پێشانگەیەکی فراوان ڕێکدەخرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێت بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوە ڕۆشنبیرییەکانی ئەمساڵ."

چەند دەزگا بەشدار دەبن؟
بڕیارە بەنزیکەی 100 وەشانخانە، دەزگا و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی، لە باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکە، بەشداریی لە پێشانگەکەدا بکەن و هەزاران ناونیشانی کوردی بۆ سەردانیکەران بخەنە ڕوو، لە دیارترینیشیان ئەکادیمیای کوردییە، کە بەنزیکەی 150 ناونیشانی جیاواز لەم پێشانگەیەدا دەخاتە ڕوو.
چالاکی جیاوازیش لەخۆدەگرێت
لە چوارچێوەی کار و پلانەکانی پێشانگەکەدا هەوڵدراوە، جگە لە خستنەڕووی کتێب، چەندین دیدار، گفتوگۆ، کۆڕی ناساندن و دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان نووسەر و خوێنەران ڕێکبخرێن.

03/06/2026