بێگەرد تاڵەبانی: زیاتر لە دوو هەزار و 300 کێڵگەی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستاندا هەیە
ئاماری کێڵگەکان و کێشەی نەبوونی هەماهەنگی
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند؛ زیاتر لە 2300 کێڵگەی پەلەوەری بە جۆرە جیاوازەکانیانەوە وەک کێڵگەکانی (هێڵکە، گۆشت و دایکانە) لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام هاوکات گلەیی ئەوەی کرد کە ئەو کێڵگانە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ وەزارەتەکەیدا ناکەن.
زیانەکانی خستنەبازاڕی هاوکاتی بەرهەمەکان
بێگەرد تاڵەبانی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵ8 باسی لەوەش کرد، کە نیگەرانن لەوەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵدا ناکەن؛ چونکە هەموو کێڵگە پەلەوەرییەکان لە یەک کاتدا هۆڵەکانیان لە مریشک پڕ دەکەن و بەرهەمەکانیان پێدەگەن، دواتریش بەیەکجار هەموو بەرهەمەکان دەبەنە بازاڕەکانەوە، ئەمەش لەو کاتەدا وادەکات خاوەن کێڵگەکان خۆیان زەرەرمەند بن.
هۆکاری بەرزبوونەوەی کتوپڕی نرخەکان
وەزیری کشتوکاڵ گوتیشی: "لە هەندێک کاتی دیکەدا، بێ ئەوەی هیچ هەماهەنگییەک لەگەڵ وەزارەتەکەماندا هەبێت، بەشێک لە پڕۆژە پەلەوەرییەکان بەگوێرەی پێویستیی بازاڕ بەرهەم ناخەنە ڕوو، ئەوەش وادەکات نرخی پەلەوەر و بەرهەمەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە."
کاریگەریی شەڕی ناوچەکە لەسەر تێچووی بەرهەمهێنان
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە جەنگی ئێران زیانی بە کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە؛ چونکە بەهۆی داخرانی دەرگاکانی هاوردەکردن و دروستبوونی ئاستەنگ لە گەیشتنی کاڵاکاندا، وایکردووە نرخی پێکهاتەکانی عەلەف و پێداویستییەکانی دیکەی پەلەوەر گران ببێت.
هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بۆ دابەزاندنی نرخی عەلەف
ناوبراو لە کۆتاییدا گوتی: "لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقدا هەماهەنگیمان هەیە بۆ هێنانی کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی سۆیا، چونکە ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی ئەو مەبەستە، بەوەش سۆیا بە نرخێکی هەرزانتر دەگاتە کارگەکان و لە ئەنجامدا نرخی عەلەف لە بازاڕەکاندا دادەبەزێت."
02/06/2026