کۆمیسیۆنى فریاگوزارى چەمچەماڵ: زیاتر لە شەش ملیار دینار قەرەبووى زیانلێکەوتوانى لافاوەکە کراوەتەوە

دیمەنێکی لاڤاوەکەی زستانی ئەمساڵی چەمچەماڵ
دیمەنێکی لاڤاوەکەی زستانی ئەمساڵی چەمچەماڵ

کۆمیسیۆى فریاگوزارى و بووژانەوەى چەمچەماڵ ڕایگەیاند، زیاتر لە شەش ملیار دیناریان وەک هاوکارى و قەرەبوو داوەتە  2923 زیانلێکەوتوو و ئەو بڕەپارەیەشی کە ماوە بەشێوەیەکى شەفاف دەکرێتە پرۆژەى خزمەتگوزارى.

بڕی کۆمەکی کۆکراوە بۆ چەمچەماڵ

وریا عەبدولخالق، گوتەبێژى کۆمیسیۆنەکە ڕایگەیاند، 16 ملیار دینار بۆ چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە لەو پارەیە، شەش ملیار و 680  ملیۆن دینار دراوەتە هاونیشتمانیان و لە چوار قۆناغدا 2923 هاونیشتمانى هاوکارییان بە بڕى جیاواز پێدراوە.

قۆناغی دووەمی فریاگوزاری خێرا بووە

گوتیشى، قۆناغى دووەمى کارکردن قۆناغى فریاگوزارى خێرابووە، کە 750 ملیۆن دینار خەرجکراوە و بە 500ملیۆن دیناریان 37 ئامێرى شارەوانییەکانى چەمچەماڵ، تەکیە، ئاغجەلەر و سەنگاو چاککراونەتەوە و بڕە پارەکەى دیکە بۆ ئەو فەرمانگانە تەرخانکراوە کە زیانیان بەرکەوتووە بەهۆى لافاوەکەوە.

چارەسەرکردنی لافاوی چەمچەماڵ و شۆڕش

گوتیشى، ئەمرۆ کە 2ى حوزەیرانە، دووملیار و 845 ملیۆن و 413 هەزار بە دینار و 3 ملیۆن و 174هەزار و 581 دۆلار ماوە کە هەردووکیان بە نزیکەى 7ملیار و 800ملیۆن دینار ماوە و لەپلانى کۆمیسیۆنەکەدایە بەشێوەیەکى بنەڕەتى چارەسەرى لافاوى چەمچەماڵ و شۆڕش چارەسەربکرێت و ئەوەى دیکە بکرێتە پرۆژەى خزمەتگوزارى.

بڕی هاوکاری نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانەوە

وریا عەبدولخالق باسیلەوەشکرد، لەلایەن نوسینگەى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە بە بەهاى هەشت ملیار دینارى دیکە پرۆژە لە چەمچەماڵ جێبەجێدەکرێت.

پاشان ئاسۆ بەکر قایمقامى چەمچەاڵ ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەى لە بانکدایە تەنیا بۆ خزمەتى چەمچەماڵ بەکاردێت و هەر کەسێک بیەوێت دەتوانێت بەدواداچوون بکات.

کۆمیسیۆنى فریاگوزارى و بوژانەوەى چەمچەماڵ، لەپاش لافاوەکەى چەمچەماڵ دروستکرا و چەند کەسایەتییەکى چەمچەماڵ لەگەڵ ئیدارەى ناوچەکە بەشدارن لە بڕیاردان لە خەرجکردنى ئەو بڕەپارەیەى کۆکراوەتەوە.