تکایە ڕێز بۆ خولەکانى کوردستان بگەڕێننەوە
لە هەموو وڵاتانى جیهان، بە دیاریکراوى لە بوارى وەرزش و بە تایبەتى تۆپى پێ، چەند ئامانجێک هەیە، جگە لە بەدەستهێنانى نازناو، دەستکەوتنى بڕە پارەیەک و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیە گەورەکان، ئامانجى گەورەیانە و لەو پێناوەدا هەموو شتێک دەکەن، بەڵام لە کوردستان، نە نازناو نرخى هەیە، نە خەڵاتى دارایی هەیە، نە بەشداریکردن لە پاڵەوانیتیەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان هەیە، ئەوەش تەنها یەکێتیى تۆپى پێی کوردستان لێی بەرپرسیارە.
"خولەکانى کوردستان وەک خولى تیپە میللیەکانە"
لە هەرێمى کوردستان، سەرجەم پاڵەوانێتیی هەموو وەرزشەکان، هاوشێوەى خولێکى تیپە میللیەکانە، بەڵام لە یاریگاى جوان و بەڕێوەبردنێکى ڕێکخراو، هیچى تر نیە، بگرە لە هەندێک ناوچەدا، خولى تۆپى پێی تیپە میللیەکان زۆر جوانترە لە خولەکانى کوردستان، بە کورتیەکەى خولانەوەیەکە لە ناو بازنەیەکى داخراو، بە بێ دەستکەوتێکى گەورە.
ئەگەر تۆپى پێ بە نمونە وەربگرین، خولى نایاب و پلەیەک و پلە دوو، فوتساڵى کچان و خولى لاوان و تازەپێشگەیشتووان، بەڕێوە دەچن، لەسەر ئاستى نایاب، ئەگەر یانەیەک بیەویت ڕکابەری بکات، بەلایەنى کەمەوە تاوەکو کۆتایی وەرزەکە 200-300 ملیۆن دینار خەرج دەکات، ئەگەر نازناوەکەش بەدەست بهێنێت، خەڵاتە داراییەکەى لە 20-30 ملیۆن دینار تێپەڕ ناکات، ئەوە بەشداریکردن لە پاڵەوانێیتیەکى دەرەکى هەر بوونى نیە و ناتوانن لە بەغدادیش یارییەک بکەن.
"هەنگاوى گەورەتر هەیە"
ڕاستە خولەکانى کوردستان، گەنجانى سەرقاڵ کردووە و لەبرى پەنابردن بۆ هەندێک کارى خراپ و لاوەکى، خەریکى وەرزش کردنن، ڕاستە چەندین یاریزان لە ڕێگەى ئەو خولانەوە چوونەتە یانە گەورەکان، بەڵام ئەوە تینوێتیی وەرزش و وەرزشکاران ناشکێنیت، هەنگاوى گەورەتر هەیە کە بەرپرسانى وەرزشى ئەم هەرێمە دەتوانن کارى لەسەر بکەن و سەنگ و قورسایی و شکۆ بۆ وەرزشى کوردستان بگەڕێننەوە.
هەر بەرپرسێک لە عێراق، زۆرى بۆ بێت و گڵۆڵەى لە لێژیدا بێت، ڕا دەکات بۆ کوردستان تاوەکو ڕزگارى بکەن و پشتیوانى بکەن، لە بەرامبەردا ئێمەش دەتوانین داواکاریمان هەبێت و ئەوانیش کارەکانمان ڕایی بکەن و هاوکار بن، بۆ نمونە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیى تۆپى پێی عێراق بکرێت، پاڵەوانى خولى کوردستان بەشدارى خولى پلە نایابى عێراق بکات، یان بەشدارى پلەى ئۆف بکات، بۆ ئەوەى ڕکابەریی خولەکانى کوردستان زیاتر بێت.
"کوا خەڵاتەکانى پاڵەوان؟"
لەلایەکى ترەوە مەسەلەى دارایی، دەبێت یەکێتیى تۆپى پێی کوردستان، کارى جددى بکات بۆ ئەوەى بودجەى یەکێتیەکە لە حکومەتى هەرێم جێگیر بکات، ناکرێت خولەکان کۆتاییان دێت هێشتا خەڵاتى دارایی تیپەکان نەکراوە، کرێى ناوبژیوان نەدراوە، ئیتر چۆن یاریزان و ەرزشکاران بە جۆش و خرۆشەوە خۆیان بۆ وەرزى نوێ ئامادە بکەن؟ ئەوەش هەستێکى واى لە یاریزانان دروست کردووە کە ئەمە بژێوى ژیانە و خول چۆن دەڕوات با بڕوات، گرنگ ئەوەیە موچەى مانگانەى خۆى لە یانەکە وەردەگرێت.
"کڕین و فرۆشتنى یارییەکان"
لەلایەکى ترەوە، مەسەلەى دواخستن و نەدانى کرێی ناوبژیوان، گومانى زیاتر لەسەر بڕیارەکانى ناوبژیوانان دروست دەکات و قسەوباسى کڕینى و فرۆشتنى یاری زیاتر دەبێت، بۆیە پێویستە یەکێتیى تۆپى پێی کوردستان بە بەرگێکى نوێوە لە وەرزى داهاتوودا دەربکەوێت، ئەگەر هیچ گۆانکارییەک لە وەرزى داهاتوودا نەبینین، یان بەڵێنەکان جێبەجێ نەکرێت و هەر قسە بێت، ئەوا ناچارین بڵێن، ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە پار.
02/06/2026